کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵۆزی و بشێوی لە قوتابخانەکانی کوردستان

11:30 - 10 خەزەڵوەر 2722

پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی ئێران و کوردستان، بنەماڵەی قوتابییانی ناوچەکانی چۆمی مەجیدخان و ئاڵەشین، ئیزن نادەن منداڵەکانیان بڕۆنەوە بۆ قوتابخانەکان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بنەماڵەی قوتابییانی قوتابخانەکانی دواناوەندی لە ناوچەکانی چۆمی مەجیدخان و ئاڵەشین و هەروەها قوتابخانەکانی پیرانشار، بەهۆی ئەوەیکە هێزێکی زۆری چەکدارە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە قوتابخانە جێگیر کراون بنەماڵەکانیان ئیزن نادەن منداڵەکانیان بچنەوە بۆ قوتابخانە.

جێگەی ئاماژەیە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، پاش شۆڕشە مەزنەکەی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان، هەموو قوتابخانەکانی کوردستانیان لە ترسی شۆڕش و سەرهەڵدانی قوتابییان کردووەتە سەنگەر و هێزێکی زۆری ڕێژیم لە قوتابخانەکان جێگیر کراون.

بەپێی هەواڵە نێوخۆییەکان سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم بە هاوکاریی بەرپرسی حەراستی قوتابخانەکانی پیرانشار هێرش دەکەنە سەر قوتابییان و دەسبەسەریان دەکەن و قوتابییانیش بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و هەروەها مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی ڕووبەڕووی هێزە دژە گەلییەکانی ڕێژیم دەبنەوە.