کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تا ئێستا شەش هەزار ناوی "ژینا" لە ئێراندا تۆمار کراوە

10:51 - 15 خەزەڵوەر 2722

ڕێکخراوی تۆماریی کەسێتیی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە تا ئێستا ٦هەزار و ٢٦٨ ناوی "ژینا" لە ئێراندا تۆمار کراوە.

بەپێی ئامارەکە ٢٠١٨ دانە لەو ناوانە لە پارێزگای "سنە" و ٢٩٧ ناوی دیکە لە شاری سەقز تۆمار کراون.

ئیدارەی تۆماری کەسێتیی ڕێژیم وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە بەمەبەستی تایبەتەوە ڕایگەیاندووە کە بۆ گۆڕینی ناو بۆ سەر ناوی "ژینا" هیچ بەربەستێک بوونی نییە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ناوە کوردییەکان بە هیچ شێوەیەک ئیزنی تۆمارکردنیان پێ نادرێ و ژینا ئەمینیش یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە ناسنامەکەیدا و لە ژێر گوشاری ڕێکخراوی تۆماری کەسێتیی ئێراندا ناوی بە مەهسا تۆمار کرابوو.

بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە دوابەدوای ئەوە بوو کە "جاوید ڕەحمان" ڕیپۆرتێری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران لە دانیشتنێکدا لە شاری نیۆیۆرک وتبووی کە "ژینا" ناوێکی کوردییە بەڵام "مەهسا ئەمینی" تا لە ژیاندا بوو، هیچکات ڕێگای پێ نەدرا کە لەو ناوە کەڵک وەربگرێت.