کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گردبوونەوەیەک لە تۆرێنتۆ بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەڕێوە چوو

16:39 - 10 خەزەڵوەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەزەڵوەر، بەرانبەر بە ٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی لەسەر بانگهێشتی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کوردانی دانیشتووی کانادا گردبوونەوەیەکیان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران پێک هێنا.

ئەو کۆبوونەوەیە کاتژمێر ٥ بۆ ٦ی ئێوارە لە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی شاری "تۆرێنتۆ" بەڕێوە چوو.

"ڕەزا موریدی" کەسایەتیی دیاری تورک، وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد؛ ناوبراو لە وتەکانیدا باسی لە گرینگیی یەکیەتیی گەلانی ئێران بۆ ڕووخانی ڕێژیم کرد.

هەروەها ئاماژەی ڕاستەوخۆی بە سیاسەتی دروستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەهەمبەر خۆپیشاندانەکان کرد.

"سلێمان دڵسۆز" وتاری ماڵی کوردی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین سروود و ئاهەنگی شۆڕشگێڕی خۆێندرایەوە.