کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچێکی کورد لە تاران بە لێدانی باتۆم لە سەری شەهید کراوە

11:48 - 15 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر، کچێکی کورد بە ناوی "نەسرین قادری" خەڵکی مەریوان لە کاتی خۆپیشاندانەکانی تاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەییەوە بە باتۆم لە سەری دراوە و شەهید بووە.

نەسرین قادری پێشتر لە زانکۆی تاران خوێندکار بووە و تەرمەکەی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە بارمتە گیرابوو.

بەپێی زانیارییەکان هێزەکانی ڕێژیمی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی نەسرین و بە باتۆم لێیان داوە؛ دوای بێهۆش بوونی گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران و دواتر گیانی لەدەست داوە.

شەوی ڕابردوو تەرمی "نەسرین قادری" لە تارانەوە گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی؛ هێزەکانی ڕێژیمی تاران چەند جار ڕێگایان لێ گرتن و مەئموورانی جلوبەرگ شەخسیی ڕێژیمیش بەو کەسانەی کە تەرمی "نەسرینـ"ـیان پێ بووە رایانگەیاندووە کە نابێ بڵێن گەیشتوونەتە چ شوێنێک بۆ ئەوەیکە خەڵک کۆ نەبنەوە.

دوای گەیشتنەوەی تەرمەکەی بۆ نێو شاری مەریوان، شەش ماشین لە هێزە سەرکوتکەرەکان دەچنە سەر قەبران و بە شەو تەرمەکەی دەنێژن.