کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان لە واشنتۆن بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو

14:05 - 15 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی بۆ جارێکی دیکە ڕەوەندی ئێرانی لە واشنتۆن، کۆبوونەوە و ڕێپێوانێکیان بەڕێوە برد.

لەو ڕێپێوانەدا هونەرمەندی ناسراوی ئامریکایی "چێلسی هەرت" وتارێکی بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران پێشکەش کرد. دواتر خۆپیشاندەران چوونە بەردەم دەفتەری نوێنەرایەتیی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و بە وتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی وێنەی "ژینا ئەمینی"، خوێندنەوەی سروود و وتنی دروشم دژی ڕێژیمی ئێران، پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵکی ئێران دووپات کردەوە.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و ڕەوەندی کوردستانی بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستان لەو ڕێپێوانەدا بەشدارییان کرد و بەم چەشنە سۆز و پشتیوانیی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان دووپات کردەوە.

دواتر بەشێک لە ئامادەبووان چوونە بەردەم کەمپەینی مانگرتن لە بەردەم کۆنگرێس. لەو کۆبوونەویەدا "ڕەحیم ڕەشیدی" قسەی کرد و داوای کرد پێویستە خۆپیشاندانەکان وێڕای پشتیوانی لە خەڵکی ئێران هاوکات لە ڕاستای گوشارخستنە سەر ئۆپۆزیسیۆنیش بێت، بۆ ئەوەیکە هەرچی زووتر و یەکگرتووانە بەرنامە بۆ بەڕێوبەردنی کاروباری ئێرانی داهاتوو دابنێن و بەم چەشنە ئەرکی خۆیان لە ئاست بوێری و قوربانیدانی خەڵکی ڕاپەڕیو بەجێ بگەیەنن.

"رەشیدی" لە بەشەکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە بزووتنەوەی پێکهاتەشێکن نابێت بێ ڕێبەر بمێنێتەوە و حیزب وەکوو پێکهاتەیەکی مۆدێڕن ئەرکی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتە و دەبێ هەمووان لەم بوارەدا هەنگاو بنێین...

"ڕەحیم ڕەشیدی" لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە پێشەنگایەتیی ژنان لەو شۆڕەشەدا کرد کە بە تێکۆشانی بەرین هەموو بەند و بەستی سیاسەتی هەڵاواردن و سووکایەتی بە ژنانیان پووچەڵ کردووەتەوە و ئەوان لە پەراوێزەوە هاتوونەتە نێو چەقی گۆڕەپانی نەبەردی.

"ڕەشیدی" لە ئاخافتنەکەیدا هیوای خواست کە بە زووترین کات پێکەوە لەسەر لاشەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گۆڤەندی سەرکەوتن بگێڕن.

"ڕەحیم ڕەشیدی" بە ناوی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە هونەرمەندی ناسراوی ئامریکایی "چێلسی هەرت" کرد و داوای لێ کرد توانا و خۆشەویستیی جەماوەری خۆی بۆ گوشارخستنەسەر دەوڵەتی ئەمریکا لەپێناو پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بەکار بێنێت.

"چێلسی هەرت" وێرای دەبڕینی خۆشحاڵیی خۆی، هاوکات ڕایگەیاند کوردستان و ژنانی کورد چەخماخەی ئەو ڕاپەڕینە مەزنەیان لێداوە و نابێ ئێرانییەکان و جیهان هەرگیز ئەمە لەبیر بکەن کە بەڵێنییان دا هەموو هێزو توانای خۆیان بۆ پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی کوردستان و ئێران بەکار دێنن.