کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قۆناغی سێهەمی خۆپێشاندانەکان

16:59 - 15 خەزەڵوەر 2722

برایم جەهانگیری

ئەگەرچی خۆپێشاندانەکان بەڕواڵەت بڕێک سستی پێوە دیارە بەڵام بێگومان دەوری سێهەم و یەکلاکەرەوەی خۆپێشاندانەکان دووبارە دەست پێ دەکات و لەم دەورەیەدا ڕێژیم هەموو تواناکانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی شکست بەو خۆپێشاندان و ڕاپەڕینانە بێنێ. بەڵام شک لەوە دانیە تێیدا سەرکەوتوو نابێ و خەڵک ڕێڕەوی خۆی دۆزیوەتەوە و تاکتیکی گونجاوی بۆ درێژەدان بەو ڕاپەڕینە سەرتاسەرییە لەبەر دەست‌دایە.

 بەداخەوە لە نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارای یەکدەست و یەکگرتوو لە سەراسەری ئێران کە بتوانێ ئەو ڕاپەڕینە هیدایت و ڕێبەری بکا هەندێ جار خەڵک بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەبینی تووشی ناهومێدی دەبن، بەڵام ئەوان هێشتا ئەو پوتانسیەل و هێزەیان دەرک نەکردووە کە لە نێوخۆدا لەنێو لاوان و گەنجانی سەراسەری ئیران کەڵەکە بووە و ئێستا بڕیاڕی گۆڕێنی دەسەڵاتی داوە.

 بۆ یارمەتیدان بەو ڕاپەڕینە و بە ڕیزی یەکگرتووی خەڵک دوای بانگەوازە بەجێیەکەی ناوەندی هاوکاری، ئەو ناوەندە کە جارێ یەکگرتووترین ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی و ئێرانیە دەبێ دووو شت لەبەرچاو بگرێ:

 یەکەم زۆر زوو بە هەڵویست و دەرکردنی بەیاننامە و قسەو لێدوانی ناوەند سەبارەت بە خۆپێشاندان و سەرهەڵدانەکان خۆی ئابدەیت کاتەوە و پێوەندییەکی چڕوپڕ لە ڕێگای مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڵ خەڵک پەیدا بکا و ڕاوبۆچونی کەسانی دیاری نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەبەرچاو بگرێ و ڕێنوێنی تەواو بکا و شەرم نەکا و نەشچێتە ژێر گوشاری ئەو قسانەی لێرە لەوێ دەکرێ کە خەڵک خۆیان بڕیاڕ دەدەن و دەزانن چ دەکەن وچی و چی. بەڵێ ئەوە هەمووی ڕاستە هەر خەڵک بڕیاردەری سەرەکییە بەڵام ئەو ئیمکانە  ئیرتباتی و پێوەندییە ڕەنگە لە ترسی زەبرەوزەنگ و تۆقاندن لەبەردەستی خەلکدا نەبێ، بۆیە ناوەندی هاوکاری دەبێ ئەو دەنگە بێ وئەو کەلێنە پڕ کاتەوە.

دووهەم ناوەندی هاوکاری و بەدیاری کراویش تەلەویزیۆنی کورد کاناڵ دەبوو وەک دەنگوڕەنگی ناوەندی هاوکاری دەرکەوێ کە ئیستا ئیدی بۆتە نوێنگەی خواستەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ڕابردوودا لەو بارەوە تا ڕادەیەک کەمتەرخمی دیارە. بۆ نموونە دەبوو کوردکاناڵ کاریان لەسەر چلەی شەهیدانی شنۆ کردبایە. دەبوو ئەو ڕۆژەیان کردبایە ڕۆژی یەکگرتوویی و هاوسۆزیی سەراسەری خەڵکی ئێران کوردستان، کە بەداخەوە لێرە داکەمتەرخەم بوون،  کە وایە با لەمەو دوا هەوڵ بدرێ  یادی چلە شەهیدانی سنە و مەهاباد و بانە و باقی شارەکان لە سەرتاسەری کوردستان بکریتەوە، داوا لەخەلک بکرێ مان بگرێ و ناڕەزایەتی دەر ببڕێ، دەبێ بە بەرنامە کار بۆ ئەمە بکرێ به دو هۆکار:

یەکەم  ئەو کارە دەبێتە هۆی ڕێزگرتن لە شەهیدان و زیندوو ڕاگرتنی خۆپێشاندانەکان و یەکگرتووی زیاتری خەڵک.

دووهەم دەبێتە هۆی ئەمە کە ڕێژیم لە ترسی چلەی شەهیدان کەمتر خەڵک بکوژێ و ئەوەش خۆی لەخۆیدا دەسکەوتێکی گەورە دەبێ بۆ خەڵک و درێژدانی خۆپێشاندانی بەرینی جەماوەری.

 قۆناغی سیهەمی خۆپێشاندانەکان کە بەزوویی چاوەڕی دەکرێ دەست پێ بکاتەوە و بەگوڕتریش بێ قۆناغێکی چارەنووسسازە، ناوەندی هاوکاری دەبێ هەموو تواناکانی خۆی بۆ سەرخستن و گشتگیرترکردنی ئەو خۆپێشاندانانە بخاتە گەڕ و لەو ڕێگایەدا لە هیچ هەوڵێک کۆتایی نەکات، ناوەندی هاوکاری کە ئیستا بۆتە نوێنگەی خواستەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ هەنگاوێکی دیکە بەرەوپێش باوێژێ کە دەگەڵ قۆناغی سێهەمی چارەنوسازی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران یەک بگرێتەوە.