کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی لاوانی شۆڕشگێڕی مەهاباد سەبارەت بە ڕاپەڕینی کوردستان

10:37 - 16 خەزەڵوەر 2722

لاوانی شۆڕشگێری مەهاباد، پاش ئەوەیکە دەستیان بەسەر فەرمانداری و زۆربەی ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕێژیم لە مەهابادا گرت، ڕوو بە خەڵکی قارمانپەروەری مەهاباد ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم چەشنەیە!

خەڵکی بەشەرەف و قارەمانی شاری مەهاباد و هەموو شارەکانی کوردستان

هەروەک هەموومان ئاگادارین یەکگرتوویی و پێکەوەبوونمان بوو بەهۆی ئەوەیکە لە کەمتر لە چەند کاتژمێردا شار کۆنترۆڵ بکەین و دەست بەسەر ناوەندە دەوڵەتییەکاندا بگرین، ئەو سەرکەوتنە هەر بە ئێمەی کورد دەکرێت.

 ئەو یەکگرتووییەمان دەبێ بۆ هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵات بێ و پێکەوە سەرکەوتن مسۆگەر بکەین. ئێمە لەو ماوەیەدا شەهیدمان زۆر داوە، بریندارمان زۆر بووە و زۆر کەسیشمان دەسبەسەر کراون، بەڵام ئێمە لە گەورە پیاوانمان فێر بووین کە درێژەدەری ڕێگای شەهیدان بین و تا گەیشتن بە ئازادی نەسرەوین.

 بۆیە هەموو پێکەوە لە ڕۆژی دووشەممەوە هەموو ڕۆژ و شەوێک بەبێ دیاریکردنی کات و سات لە هەر گەڕەک و کۆڵانێک ڕادەپەڕین، بە کردنەوەی ئاگر ڕێگا دەگرین، دەبێ ڕوخساری شار تام‌ و بۆنێکی شۆڕشگێڕانەی لێ بێت، دەبێ هێزی سەرکوتکەر ناهومێد بێ و خەو لە چاویان بزڕێنین، ئیزن نادەین کە ماندووییان بحەسێتەوە بۆ ئەوەی ڕۆڵەکانمان شەهید و بریندار و دەسبەسەر بکەن. ئێمە دەبێ بە واتای ڕاستەقینە کوردستان بکەین بە گۆڕستانی فاشیستان.

ئێمە داوا لە هەموو هاووڵاتییانی خۆڕاگرمان دەکەین کە بەهەر شێوازێک کە بۆیان دەکرێ پەیوەست بن بە شۆڕشەوە و هەر کەس لە هەر شوێنێک کە دەتوانێ بۆ سەرکەوتنی شۆڕش هەنگاو هەڵبهێنێتەوە.

هەر بژین بە سەربەرزی

ژن، ژیان، ئازادی

سەرکەوێ خەباتی گەڵانی ئێران