ژنانی پێشەنگ و شۆڕشگێڕی کوردستان، لە بانگەوازێکدا داوا لە هەموو ژنان و خەڵکی شارەکانی کوردستان دەکەن کە سبەی ڕۆژی هەینی، لەسەر گۆڕی شەهیدانی ڕاپەڕین کۆ ببنەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، ژنانی ئازادیخوازی کوردستان لە بانگەوازێکدا داوایان لە سەرجەم ژنانی ئازادیخواز و خەڵکی کوردستان کردووە کە بۆ ڕێزگرتن و بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی سەربەرزی نیشتمان و هەروەها هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ئەو ئازیزانە، ڕۆژی هەینی ١١ی سەرماوەز، کاتژمێر سێ و نیوی پاشنیوەڕۆ، ژنانی دڵسۆزی نەتەوەکەمان لە ڕێوڕەسمێکی هێمنانەدا لەسەر گلکۆی شەهیدان کۆ ببنەوە.
لەو بانگەوازەدا هاتووە کە داوا لە هەموو خاتوونە بەڕێزەکان دەکەین لە هەموو شار و گوندەکانی کوردستان لەو بۆنەیەدا بەشداری بکەن بۆ ئەوەی هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی ناخی بەرزی بنەماڵەی شەهیدان بکەین کە لەپێناو ئازادی و سەربەستیدا گیانی خۆیان کردە قوربانی.
ژنانی پێشەنگ ڕایانگەیادووە کە لەسەر گڵکۆی شەهیدان بەڵێن دەدەین تا دواچرکەکانی ژیانمان بۆ ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەکەمان لە خەبات و تێکۆشاندا بین.