کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گاردیەن: هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بەئەنقەست تەقە لە دەموچاو و شوێنە هەستیارەکانی ئەندامانی جەستەی ژنان دەکەن

11:44 - 18 سەرماوەز 2722

ڕۆژنامەی گاردیەن، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە هێزەچەکدارەکانی ڕێژیم بەئەنقەست، تەقە لە دەموچاو و شوێنە هەستیارەکانی ئەندامانی جەستەی ژنانی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی ئاخوندی دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژنامەی گاردیەن چاپی بریتانیا، لە نوێترین ژمارەی خۆیدا بەئاماژە بە سەرکوتی بێڕەحمانەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: "هێزە چەکدار و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندی بە ئەنقەست، تەقە لە دەموچاو و ڕوخساری منداڵان و بەتایبەتی ژنان دەکەن و شوێنی هەستیاری ئەندامانی لەشی ژنانی ڕاپەڕیوی ئێرانی دەکەنە ئامانجی تەقە کردنەکانیان".

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندی، بەهەستکردن بە کۆتایی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەیان لە هیچ جۆرە جینایەتێک خۆیان نابوێرن و بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەیان پەنا بۆ هەموو جۆرە جینایەتێک دەبەن کە لە نوێترین جینایەتیاندا تەقە لە دەموچاو و ئەندامانی جەستی ژنانی بوێر و ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران دەکەن.

بەپێی دوایین زانیارییەکان هەتا ئێستا لانیکەم ٤٧٠ کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم شەهید بوون، کە لەو ئامارە ٦٣ کەسیان منداڵ و ٢٩ کەسیشیان ژنن.