کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی خستە سەر چەندین کەس و ناوەندی ڕێژیمی ئێران

12:05 - 18 سەرماوەز 2722

بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران، یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵێکی نوێدا، خولێکی دیکەی گەمارۆی دژی کاربەدەستانی ڕێژیمی تاران و ناوەندەکانی ئەو ڕێژیمە پەسند کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند  بەهۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران توندوتیژی و سەرکوت لە بەرانبەر خۆپیشاندەراندا بەکار دێنێت ٢٩ کەس و ٣ دامەزراوەی ئەو ڕێژیمەی خستە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە.

لەو لیستەیەدا ئەحمەد وەحیدی، وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران و چەندین کەس لە کاربەدەستانی باڵای سپای پاسداران و چەند کەسی دیکە کە دەستیان لە دەسبەسەرکردنی ژینا ئەمینیدا هەبووە تەحریم کراون.

جۆزپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ئێمە پشتیوانی لە مافی خەڵک بۆ ناڕەزایەتییەکانیان دەردەبڕین.

ئان کلێر لێژاندر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵدان گەمارۆی ئابووری بخەنە سەر باقی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کە دەستیان لە سەرکوتی خۆپیشاندەراندا هەیە.

بڕیارە یەکیەتیی ئورووپا چەندین ناوەندی ڕێژیمی ئێران کە دڕۆن بۆ  ڕووسیە دەنێرن بخاتە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە.