![](/content/upload/1/news/57418_w920.jpg)
پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی زاهیدان، بە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات لەهەمبەر لەسێدارەدانی مۆحسێن شکاری یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە وتی کە ئەو ڕاپەڕینە بە کوشتن و لەسێدارەدانی خەڵکی ڕاپەڕیو کۆتایی پێ ناهێندرێ.
مەولەوی عەبدولحەمید، کەسایەتیی دیاری ئایینی و پێشنوێژی هەینیی مزگەتی"مەکی" لە زاهیدان، ڕۆژی هەینی ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش ئەوەیکە ڕەخنەی توندی لە دەسەڵات گرت، وتی: "هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم خەڵکی ناڕازیی ئێران کە تەنیا داوای مافەکانیان دەکەن بە تەقەی ڕاستەوخۆ دەکوژن و هیچ کەسیش لێپرسینەوەیان لێ ناکا، بەڵام خەڵکی ناڕازیی و وەزاڵەهاتووی ئێران دەسبەسەر دەکا و بە تۆمەتی ناڕەوا لە سێدارەیان دەدات.
ناوبراو ئەوەشی وت کە دەبێ ئەو دەسەڵاتە ئەوە باش بزانێ کە بە لەسێدارەدان و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، ئەو ڕاپەڕینە نە تەنیا کۆتایی پێ نایەت بەڵکوو هەر ڕۆژە زیاتر پەرە دەستێنیت.