کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی وڵاتانی کانادا و بریتانیا دژی بەرپرسانی ڕێژیم

18:09 - 18 سەرماوەز 2722

لە درێژەی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەوڵەتانی کانادا و بریتانیا، گەمارۆگەلێکی نوێیان بەسەر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێراندا سەپاند.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی هەینی ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە، گەمارۆکانی دەوڵەتی کانادا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ڕۆژی هەینی، پەسەند کراوە و ئەو گەمارۆگەلە ٢٢ بەرپرسی ڕێژیمی ئێرانی وەکوو بەرپرسانی باڵای دەزگای قەزایی، ئێدارەی گشتیی بەندیخانەکانی ئێران، هێزە ئینتیزامییەکان، ڕێبەرانی سیاسیی ڕێژیم بەتایبەتی ڕاوێژکارانی عەلی خامنەیی گرتووەتەوە.

مێلانیا جوولی، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی کانادا، لەم پێوەندییەدا وتی: "ئێمە هیچکات لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤدا کۆتا نەهاتووین و گەمارۆگەلێکی زیاتر بەسەر ئەو ڕێژیمەدا دەسەپێنین.

گەماڕۆ نوێیەکانی بریتانیاش ڕۆژی هەینی ١٨ی سەرماوەز، پەسەند کرا و بە وتەی جیمز کلورلی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، ١٠ کەس لە پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ لە ئێران لەخۆ دەگرێت.