کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات: کوردستان لە ڕاپەرێنی نوێی گەلانی ئێران‌ دژ بە کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی تایبەتی و گرینگ دەگێڕێ

11:38 - 19 سەرماوەز 2722

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەڵسەنگاندنی ڕەوتی نزیک بە سێ مانگی ڕاپەڕینی ژینا دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، جێگە و پێگەی کوردستانی لەم ڕاپەڕینەدا بەرز و کەم‌وێنە لە قەڵەم‌دا.

رۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەشداریی ئەندامانی ناوەندی بەڕێوەبەریی و جێگرانی ناوەندەکانی حیزب، بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ڕاپەڕینی نوێی گەلانی ئێران دژ بە دیکتاتۆڕی لە ئێران بەڕێوە برد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبدا کە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی‌ پێ کرد، بەرێز خاڵید عەزیزی وتەبێژی حیزب، باسێکی سیاسیی پێشکەش کرد. 

ئاوڕدانەوە لە ڕەوتی نزیک بە سێ مانگی ڕاپەڕینەکە، ڕۆڵی خەڵکی کوردستان، هەڵوێست و سیاسەتەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سیاسەت و پیلانگێڕییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەستپێکی ڕاپەڕینەوە تا ئێستا، هێرشە مووشەکی و بەهپادییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکان، دەرفەتەکانی بەردەم کورد و بزووتنەوەی کوردستان، بۆچوون و ڕوانگەی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان و هەروەها چۆنیەتیی ڕەوتی بەردەوامبوونی ڕاپەڕین و ئەرکی حیزب و بزووتنەوەی کورد، تەوەری سەرەکیی باسەکانی وتەبێژی حیزب بوون.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لەژێر ڕووناکایی ئەم باسەدا ڕۆڵ و شوێندانەریی کوردستانی لە ڕاپەڕینەکەدا بە یەکێک لەو دەسکەوتانە لە قەڵەم‌ دا کە توانیویەتی لە لایەک کۆمەڵێک دەرفەت بۆ کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی بخوڵقێنێ و لەلایەکی دیکەوە ئەرک بخاتە سەر شانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان.

لەم  پێوەندییەدا ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب هاوکات لەگەڵ دەسنیشانکردنی ڕۆڵ و بەشداریی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لەم ڕاپەڕینەدا، بە دیاریکراوی ڕۆڵی ژنان، لاوان، قوتابیان، مامۆستایانی ئایینی، خوێندکاران و کاسبکارانی بەرز نرخاند و گشتگیری و جەماوەرییبوونی ڕاپەڕینەکەی بە زامنی بەردەوامی تا سەرەکەوتنی زانی.

ڕوانگە و تێفکرینی نوێی گەلانی دیکەی ئێران بۆ کوردستان و هەستکردن بە زەروورەتی هاوپێوەندیی سەرجەم پێکهاتەکانی ئێران لەگەڵ خەڵکی کوردستان، لە ڕوانگەی بەڕێوەبەریی حیزبەوە دەستکەوتێکی دیکەی ئەم ڕاپەڕینەیە کە لەم پێوەندییەدا چین و توێژەکانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات و حیزبەکان ئەرکدار بە کەڵک‌وەرگرتن لەم دەرفەتانە دەکات.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بەپێی بەشداریی بەرچاو و پڕ لە تێچووی خەڵکی کوردستان لە ڕاپەڕین‌ لە لایەک و سیاسەتی سەرکوت و شەڕفرۆشانەی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان و حیزبەکان، وێڕای بەرزنرخاندی ڕۆڵی کوردستان و قورسایی لایەنە سیاسییەکان، کۆمەڵێک ئەرک و ڕاسپاردەی بۆ ئۆرگان و ناوەندەکانی حیزب دەسنیشانکردن کە لە ڕەوتی بەردەوامبوونی ڕاپەڕیندا، پێویستە کاریان لە سەر بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، ڕاپۆرتی کاریی بەشێک لە ناوەندەکانی حیزب لەلایەن بەرپرسەکانیانەوە پێشکەش بە بەڕێوەبەریی حیزب‌ کران کە وێڕای تاوتوێ‌کردنیان، ئەرک و تێکۆشانی ئۆڕگانەکانی حیزب بەتایبەت لە دوای ‌هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب، بەرز و بەنرخ هەڵسەنگێندران.