کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران

11:47 - 19 سەرماوەز 2722

وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ڕووبەورووبوونەوە لەگەڵ گەندەڵی و لەبەرەبەرەی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤدا، گەمارۆی بەسەر سێ کەس لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێراندا سەپاند.

وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا، ڕۆژی هەینی ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، سێ کەس لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەناوەکانی"عەلی‌ئەکبەر جەوادیان، فەرماندەی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم لە کرماشان، ئیبراهیم کووچەک‌زایی، فەرماندەی هێزەی ئینتیزامی ڕێژیم لە چابەهار و هەروەها ئەڵڵاکەرەم عەزیزی، بەرپرسی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج" بەهۆی سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران و پێشیلکردنی ماڤی مرۆڤ لەلایەن ئەو وەزارەتخانەیەوە گەمارۆیان خراوەتەسەر.

وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا ڕایگەیاند کە "جەوادیان" بەهۆی سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی کرماشان بەتایبەتی منداڵان، کووچەک‌زایی، بەهۆی دەسدرێژی سێکسی بۆسەر کچێکی تەمەن ١٥ ساڵانەی بەلووچ و "عەزیزی" بەهۆی سەرکوت و ئەشکەنجەی بەندکراوانی ڕاپەڕینەکەی گەلانی ئێران لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.