کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یزاکا: کوشتار و دەسبەسەرکردنی مامۆستایانی ئایینی و خەڵکی ئێران ئیدانە دەکەین

11:50 - 19 سەرماوەز 2722

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا کوشتار و دەسبەسەرکردنی مامۆستایانی ئایینی و خەڵکی ئێرانیان ئیدانە کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیان، ئازادیخووازان و شۆڕشگێڕانی شەقام و گشت ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ
پاش تێپەڕبوونی ٤٣ساڵ بە سەر دەسەڵاتە نگریس و مرۆڤکوژەکەی ویلایەتی نابەحەقی فەقیهی ئێران، ئازار و مەینەتی گەلانی ئێران بە گشتی و بە تایبەتی نەتەوەکانی کورد و بەلووچ، هەروا ئەم تیڕۆریستانەی کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێران لە کوشتن و تاڵان و ڕفاندنی مافخوازانی سیاسی و مەدەنی تێر نەبوونە و ڕۆژانە بەردەوام چالاکانی سیاسی و مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و خەڵکی بێ تاوان بێ شەرمانە لە شەقامەکان بە دڕندانەترین شێوە شەهید و دەسبەسەر دەکەن.

ماوەی سێ مانگە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران شەقامەکانیان بە دژی ڕێژیمی تێرۆریست و خۆسەپێنی ئێران تەنیوە و داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن، مافێک کە بەپێی ئایین و یاسای نێونەتەوەیی ڕەوایی پێدراوە، بەڵام پاسدارە جللادەکانی جەهل و جینایەت بە فیشەک وڵامی خۆپێشاندەران دەدەنەوە و یان دەیانخەنە ناو سیاچاڵە تاریکەکان، تێرۆری کەسایەتی و سووکایەتیکردن بە توێژی زانایانی ئایینی و دووکانداران کە بەشێک بوونە لەو مانگرتن و ناڕزایەتییە جێگای قەبوڵکردن نییە و پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی چیتر بێدەنگ نەبن و پاڵپشتی جەماوەری ئێران بن یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران وێڕای ئیدانەکردن ئەو شەپۆڵە وەحشیگەرییەی ڕێژیم کە بێ جیاوازی لەنێوان توێژەکانی کۆمەڵگای ئێرانی ئەنجامی دەدات پاڵپشتی خۆمان بۆ شۆڕشی گەلانی ئێران نوێ دەکەینەوە و داواکارین خەڵکی بەشەرەفی کوردستان ڕێگە نەدەن بەم شێوە بێ بەزەییانە بێڕێزی بە مامۆستایانی ئایینیی نیشتمانپەروەر بکەن و دەسبەسەر بکرێن.

هەروەها داوا لە گشت مامۆستایانی ئایینی کوردستان دەکەین یەکیەتی و تەبایی خۆیان بەرفراوان بکەن و یەک گووتار و یەکگرتووە شان بە شانی لاوانی ڕاپەڕیوی وڵات هەنگاو بنێن، کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەتای ڕووخانی دەست پێ کردووە و ئیتر پێگە و شوێنێکی لە ئێران نامێنێت بۆیە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەم ڕاپەڕینە جەماوەریانە خەریکی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنە دەبێ وریا بین و ڕێگر بین لەو پیلانە چەپەڵانە و لەقاو بدرێن.

مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی منداڵکوژ و دوواکەوتووی ئیسلامیی ئێران
سەرکەوێت دەنگی ئازادیخوازیی و دێموکراسی

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
١٨ی سەرماوەرزی ١٤٠١ی هەتاوی