![](/content/upload/1/news/57278_w920.jpg)
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەویی وێڕای بە دیکۆمێنتکردنی شوناسی ٤٤ منداڵ کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم کوژراون، رایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران هەڕەشە و گوشارێکی توندی خستووەتە سەر ١٣ بنەماڵەی ئەو منداڵانە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەویی کە بەشێک لە زانییارییەکانی لە ئاژانسی کوردپا و تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان وەرگرتووە، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی شەممە، ١٩ی سەرماوەز بڵاوی کردوەتەوە، رایگەیاندووە کە شوناسی ٤٤ کەس لەو منداڵانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستان بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون، دیکۆمێنت کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ٣٤ کەس لەو منداڵانە بە بەرکەوتنی فیشەکی شەڕ بە سەر و دڵیان گیانیان لە دەست داوە.
هەروەها لانیکەم ٤ منداڵ بە گوڵڵـەی ساچمەیی کە لە مەودای کەمەوە تەقەیان لێکراوە، کوژراون.
بە وتەی ئەو ڕێکخراوە ٥ کەس لەو منداڵانە بەهۆی زەربە و لێدانی قورس و منداڵێکش بە تەقەی گازی فرمێسکڕێژ کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێونەتەویی لەنێوان ئەو ٤٤ منداڵە کوژراوە، ١٨ کەس لە بەلووستان واتا زیاتر لە ٤٠ لەسەد و هەروەها ٢٠ لەسەدیش لە شارەکانی کوردستان کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە، منداڵان ١٤ لەسەدی کوژراوانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران پێک دێنن.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاوی کردووەتەوە کە ترس، تۆقاندن، سەرکوت و ڕەفتاری هۆڤانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی خۆپیشاندانەکان کە ڕاستەوخۆ بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون، جینایەتێکی ئاشکرایە.