کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانۆڕی هاوبەشی نێوان ئامریکا و ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆتایی پێ دێت

10:30 - 10 سەرماوەز 2722

مانۆڕی سێ ڕۆژەی هاوبەشی نێوان ئامریکا و ئیسرائیل کە بەمەبەستی هاوشێوەسازیی هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران پێک هاتبوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ی سەرماوەز کۆتایی پێ دێت.

بەپێی بەشێک لەو زانیارییانەی کە ئەرتەشی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، لەو مانۆڕە هاوبەشەدا چەند فڕۆکەی شەڕکەر و سووتەمەنی  لە هەر دوو وڵات بەشدارییان کردووە.

هەروەها بەرپرسێکی باڵای نیزامیی ئیسرائیل وتوویەتی کە لەو مانۆڕە هاوبەشەدا "سێناریۆیەکی عەمەلیاتیی دوورەفڕیشـ"ـمان بەڕێوە بردووە.

بەرپرسانی باڵای سەربازیی وڵاتی ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەیکە جەختیان کردووەتەوە کە لەسەر چالاکیی سەربازی لەگەڵ وڵاتی ئامریکا بەردەوام دەبن، ئەو مانۆڕەش بە خاڵێکی باش دەزانن بۆ ئەوەیکە توانایی سەربازیی وڵاتەکەیان بەهێزتر بکەن.

دوو وڵاتی ئامریکا و ئیسرائیل لەسەر ئەوە پێداگرن کە ڕێگە نەدەن ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی بگات. 

ئەو دوو وڵاتە لەسەر ئەم باوەڕەن کە ڕێژیمی ئێران بۆ جیهان کێشەسازە.