
هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە کە عێراق سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە سنوورەکانی جێگیر دەکات.
ئەندامێکی لیژنەی بەرگری لە پارلمانی عێراق باسی لەوە کردووە بەپێی گرێبەستێک، کاروانێکی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئەو مەبەستە لە فەرانسە کڕدراوە و چاوەڕوانن بگاته عێراق.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە ئەو سیستمە بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیشە لە چوارچێوەی عێراقدا.
مەهدی تەقی ئامرلی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پارلمانی عێراق باسی لەوە کردووە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی جێگیر دەکرێت و ئەو سیستمەش لە فەرانسە کڕدراوە و چاوڕوانن بگاتە عێراق.
لەو پێوەندییەدا سەرلەشکر عەبدولخالق تەلعەت نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە میدیاکانی هەرێمی کوردستانی وتووە، ئەگەر ئەو سیستمە لە سنوورەکانی عێراق جێگیر کرا، بێ گومان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیش جێگیر دەکرێ و هەنگاوێکی باشە بۆ پاراستنی سنوورەکان.