کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی کۆمەڵگەی جیهانی لەهەمبەر ئێعدامی دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان لە ئێران

16:49 - 20 سەرماوەز 2722

کۆمەڵگەی جیهانیی پشتیوانییەکانی خۆی بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی ئاخوندی دووپات کردەوە.

هاوکات لەگەڵ توندبوونی هەوڵە سەرکوتکارانەکانی ڕێژیم، بەرپرسانی وڵاتانی جیهان، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی خۆیان لە دەسپێکی لەسێدارەدانەکان لە ئێران و مەترسی زیاتر بۆ سەر گیانی دەسبەسەرکراوەکانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران دووپات کردەوە.

ڕۆژی شەممە، ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، و پاش لەسێدارەدانی موحسێن شکاری و بڕیاری سزای ئێعدام بۆ چەند دەسبەسەرکراوی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەلایەن دەزگای قەزایی ئەو ڕێژیمەوە، جاوید ڕەحمان ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، وتی کە مەترسی لەسێدارەدانی دەسبەسەرکراوانی ئەو ڕاپەڕینە لەلایەن دەسەڵاتی ڕێژیمەوە زۆرە و دەبێ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە خێراترین کات سزای ئێعدام بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران ڕابگرن.

هەروەها ٤٥ چالاکی مافی مرۆڤی ئێرانی، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوایان لەو ڕێکخراویە کردووە کە لەهەمبەر لەسێدارەدانی موحسێن شکاری و پەرەسەندنی سەرکوتی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتی ئاخوندییەوە کاردانەوەیان هەبێ و پێش لە لەسێدارەدانی زیاتری خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە بگرن.