کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆبوونەوەی نێوان ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران و پارتی ئازادیی كوردستان

14:59 - 10 سەرماوەز 2722

ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی  سەرماوەز شاندێكی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز عومەر ئێلخانی‌زادە، بەرپرسی دەورەیی ناوەند و محەمەد نەزیف قادری، بەرپرسی شاندی حیزب لە ناوەندی هاوکاری سەردانی پارتی ئازادیی كوردستانیان كرد و لەلایەن شاندێكی پارتی ئازادیی كوردستانەوە بەسەرپەرستیی بەڕێز حوسەین یەزدانپەنا، سەرۆكی  PAKپێشوازییان لێ كرا.

كۆبوونەوەكە بە قسەکانی بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوكاریی لەسەر دوو تەوەری سەرەكیی نیازی سەردانەكەیان كە بریتیی بوون لە هەڵسەنگاندنی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و گەلانی ئێران و پرس و پێویستیی هاوكاریی حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات دەستی پێ كرد. 

پاشان سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان لە قسەکانیدا كۆبوونەوەكەی بە هەنگاوێكی گرینگ بۆ بەهێزكردنی ڕەوتی هاوكاریی و رێككەوتنی نێوان حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە پێناو گوڕ و تیندان بە خەباتی ڕزگاریخوازیی كوردستان و  وەدەستهێنانی مافی چارەنووسی سیاسیی و گەیشتن بە سەروەریی و كۆتایی‌هێنان بە كۆماری ئیسلامیی خەمڵاند.

لەكۆبوونەوەكەدا هەردوولا بە لێكدانەوەی دۆخی ئێستای كوردستان و ئێران  ڕاوبۆچوونی خۆیان خستە ڕوو و جەختیان لەسەر یەكگرتوویی زیاتری نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كردەوە. هەروەها پێداگرییان لەسەر  بەهێزكردنی پێوەندیی و پەرەپێدانی هاوكاریی نێوان پارتی ئازادیی كوردستان و ناوەندیی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران و كار كردنی هاوبەش بۆ پێكهێنانی چەترێكی گشتگیری سیاسیی نێوان حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كردەوە.

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا لە دانیشتنەكانی داهاتوودا هەر دوو لا هەنگاوە کردەییەکانی كاری هاوبەش و میكانیزمەكانی پێكهێنانی یەكگرتوویی زیاتری نێوان حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تاوتوێ بکەن.