مەلاعەلی سێڵاو
پاش هێرشی ١١ی سێپتامبەری ٢٠٠١ی زایینی و چالاکبوونی تاقمە تیرۆریستەکانی ئەلقاعیدە و چەندین تاقمی دیکە وەک داعش و نووسرە لە خۆرهەڵاتی ناڤین، ڕوانگەی جیهان و زلهێزان بۆ کوردستان ئاڵوگۆڕێکی لە پڕی بە خۆیەوە بینی. هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەت ئامریکا گرنگیی زۆریان لە ڕووی مەکانییەوە بە خاکی کوردستان دا و سەربازەکانیان لە باشووری کوردستان جێگیر کرد، بە ڕووخانی ڕێژیمی بەعس و سەددام حوسێن و ئەمن و ئاساییشی کوردستان بە نیسبەت عێراق بەگشتی، زۆر لە سەرتر و سەردەمیانەتر بوو و هەروەها خەڵکی کوردسانیش ئەو پۆتانسییەلەی هەبوو کە شان بە شانی هاوپەیمانان بۆ وەدیهاتنی دێموکراسی و شەڕ بە دژی سەرەڕەۆیی و دیکتاتۆرییەت هاوکاری ڕاستگۆیانەی هاوپەیمانان بن.
پاش شۆڕشی خەڵکی وڵاتی سووریە بە دژی ڕێژیمی ئەسەد و سەرهەڵدانی تێرۆریستانی داعش و مەترسییەکی گەورەتر بۆ ناوچەکە و جیهان سەری هەڵ دا، بینیمان کە کوردانی ڕۆژاوا و باشوور بوون بە هێزێکی خۆبەخش بۆ بەرەنگاری دواکەوتوویی و تێرۆریسم سەنگەری پێشەوەی شەڕ لەگەڵ تێرۆریستان کوردستان بوو، لەم شەڕەدا چەندین فاکتەری ناسێنەری کورد لە جیهاندا خۆیان دەرخست. یەکەم: بەشداریی چالاکانەی ژنان لە سەنگەری پێشەوەی شەڕ. دووهەم: کورد وەک گەلێکی دێموکراسیخواز خۆی لەگەڵ جیهانی دێموکراتیکدا یەکلا کردەوە. سێهەم: کورد تووانی ئەمنییەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لەم شەڕەدا بە نیسبەت وڵاتان و نەتەوەکانی دەوروبەر وەک عێراق و تورکیە و ئێران باشتر دابین بکات... لەڕاستیدا کوردستان لەبری جیهان شەڕی دژی داعش دەکرد.
ئەم دوو بەشەی خاکی کوردستان واتە باشوور و ڕۆژاوا گرنگیی ناوەندبوونی کوردستانیان بۆ جیهان دەرخست و شۆڕشگێرانی کوردیان بە جیهان نیشان دا کە کوردستان تاکوو چەند تامەزرۆی ئاشتی و دێموکراسی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە.
هەر چەند ڕووخانی ڕێژیمی دژە کورد و دیکتاتۆری سەددام حوسێن زەروورەتێکی ئەرێنی بوو، بەڵام هاوکات دەروازەیەکی کراوە بوو بۆ ڕێژیمی ئێران و پەرەپێدانی تاقمە تێرۆریستەکانی وەک حیزبوڵڵا، حەماس، فاتمیون، ئەنساروڵڵا و؟حەشدی شەعبی بۆ دروستکردنی هیلالی شیعی! ئامریکا ئاگایانە یان ناگایانە بە مەبەست یان بێ مەبەست ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ڕێژیمی ئێران تاکوو لە خۆرهەڵات خۆی نیشان بدات و ناوچەکە لەگەڵ کێشە و گرفت و تێرۆریسم بەرەوڕوو بکات و لەم لاشەوە پەرەپێدانی چەکی ناوەکی ببێت بە پرسێکی جیهانی و مەترسیدار بۆ سەر سیستەمی جیهانی.
ساڵی ٢٠١۵ی زایینی، بە واژۆکردنی بەرجام لەلایەن گرووپی ١+۵ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، جارێکی تر دەستی سپای تێرۆریستیی پاسداران ئاوەڵاتر کرایەوە بۆ پەرەدانی تاقمی تیرۆریستی و ئێران توانی ۶ گرووپی تێروریستیی بەهێز دروست بکات، ئەوەش بەهۆی وەرگرتنەوەی پارە بلۆککراوەکانی بوو بۆ تێچووی ئەم گرووپانە و ڕاشکاوانەش دەڵێن ئێستە خاوەنی ۶ ئەرتەشین لە دەرەوەی سنوورەکانمان.
ململانێی زلهێزان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لەمەڕ پرسی بەرجام و گەمارۆکان و هاتنەئارای شەڕێکی دیکە وەک شەڕی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین، ڕۆژاوایییەکان و ئامریکای خستووەتە بارێکی نائاسایی و ئەوەش بووەتە هۆکاری فەرامۆشکردنی کێشەکانی ناوخۆی ئێران. ئامریکا دەیهەوێت بەهۆی خۆپێشاندانەکانی ناوخۆی ئێران زیاتر پرسی بەرجام بوروژێنێت و قازانجەکانی خۆی دەستەبەر بکات و ڕێگری بکات لە ڕێژیمی ئێران لە پشتیوانیکردنی ڕووسەکان، ئامریکا و ڕۆژاوایییەکان لە ئێستەدا تەنیا مەبەستیان هەڵسوکەوتکردنە لەگەڵ ڕژیمی ئێران کە زۆریش گرنگی بە دەنگی وەزاڵەهاتووی ناوخۆی ئەم وڵاتە نادەن و لەم هەلومەرجەدا خوازیاری ئەوە نین ستوونێکی دیکەی شەڕ بکەنەوە.
دیارە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە مەکۆی ڕاپەڕین و ڕاهێنان و هۆشیاریی خەڵکی کوردستان و ئێران بەگشتی بووە و هەمیشە لە ئاست زۆرەملێ و دیکتاتۆری و خوڕافاتپەرەستی لەمپەر بووە و دەنگی ئازادیخوازی و ئاشتیخوازی بە خوێنی لاوانی نیشتیمان بەرز ڕاگرتووە. ئەم دەنگە ئەگەرچی تەنیا بوو و لەلایەن نەتەوەکانی وەک ئازەری و فارسەوە بەهۆی پیلان و سیاسەتە نگریسەکانی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی شا و ئاخووندەکان کز و بگرە تا ئاستێکیش هاوڕای دەسەڵات بوون، بە گوێی جیهان نەدەگەیشت.
ئێستە پاش تێپەڕبوونی ٤٣ ساڵ بەسەر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهـ و بەردەوامی ئاژاوەگێڕی و پەرەدانی تێرۆریزم و هەژاری و دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگەی جیهانی، دەنگی ئازادیخوازیی کورد بووەتە دەنگی گشت ئازادیخوازانی ئێران و دروشمەکانی کوردستان لە هەموو شارە گەورەکانی ئێران وێردی زمانە و پاش کوژرانی شەهید "ژینا ئەمینی" کە کچێکی بێتاوانی کورد بوو لە تاران، خەڵکی ئێرانی هۆشیار کردەوە و کوردستان جارێکی تر بوو بە ناوەندی ڕاپەڕین و یەکلاکردنەوەی دوو فیکری دێموکراسیخوازی و دیکتاتۆری لەم وڵاتەدا، ئێستە فارسەکان، ئازەرییەکان، بەلوچەکان و عەرەبەکان خۆیان بە پشتیوانی دەنگی ناڕازیی کورد دەزانن و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شەقامەکانی ئێران دەوترێتەوە.
ئەم دروشمە نەک هەر بووەتە ڕمزی یەکبوون و مافخوازیی گەلانی خۆرهەڵاتی ناڤین، بەڵکوو بووەتە دروشمی جیهانی و لەلایەن گشت وڵاتان و نەتەوەکان ڕێزی لێ دەگیرێت.
بوێرانه دەتوانم بڵێم هەر وەک ڕۆژاوای کوردستان و باشووری کوردستان چۆن بوونە ناوەندی یەکلاکردنەوەی شەڕ دژی داعش و هزری داعشیزم، ئەمڕۆ ئەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بە جێگەی تاران نوێنەرایەتی و ناوندی یەکلاکردنەوەی بابەتە سیاسی، کولتووری و شەڕی دژی فاشیزم و دوواکەوتوویی کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێران دەکات.
بینینی ئەو ڕاستییە لەلایەن خەڵکانی ئێران کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بە پیلانی جۆراوجۆر و ئاسەمیلەکردنی کورد و کوردستان نەیتوانیوە گەلی کورد بە چۆک دابێنێت و هەرس بە داواکارییە ڕەواکانی کورد بێنێت و بیری سەردەمیانەی نەوەکانی نوێی ئێران کە نەوەی دەیەی ٨٠کانن و جیاواز لە بیری مەزهەبی باب و باپیرانیانن ئەو ڕاستیەیان بۆ ئاشکرا بووە کە کورد نەک هەر (تجزیەطلب) و دوواکەوتوو نییە، بگرە گەلێکی هۆشیار و ئاشتیخواز و نوێنەرایەتیی ئازادیخوازانی گشت ئێرانیش دەکات و هانی ئەو نەوە نوێیەی داوە هاوتا لەگەڵ داواکاریی شەقامی کوردی، ئەوانیش بۆ پشتیوانی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و گشت ئێران ڕاپەڕن و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بە زمانەکانی کوردی و فارسی و ئازەری بکەن بە دروشمێکی سەرتاسەری!
یەکیەتی و تەباییی نەتەوەکانی ئێران کە سەرچاوە لە قارەمانەتی و بەرخۆدانی گەلی کوردە کاریگەری لەسەر ڕوانگەی وڵاتانی زلهێزی ڕۆژاوایی و ئامریکا و بگرە ڕووسیەش دەبێت، هەر چەند پێشتر ئاماژەم پێ دا؛ ئامریکا ئێستاشی لەگەڵ بێت مەبەستی هەڵکردن و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ دەسەڵاتی ئێرانە، بەڵام بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان و شۆڕشی شەقامەکان لە کۆتاییدا ئەم وڵاتانە ناچار دەکات دان بە ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بنێن و پشتیوانی لە جەماوەری شۆڕشگێری ئێران بکەن.
پرسیار
ئایا بە شۆڕشی هەنووکەی شەقامەکانی ئێران، دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران دەرووخێت؟
ئایا جیهان هاوڕایە لە گەڵ ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران؟
بۆ وەڵامی پرسیاری یەکەم کە پرسیاری زۆرێک لە کۆمەڵگەیە دەبێت بڵێم مکوڕبوونی جەماور و بوونی ڕێبەری و ئۆپۆزیسیۆنی بەهێز، بێگومان کاریگەریی لەسەر ڕووخان و داڕمانی دەسەڵاتی ئێستەی ئێرانی دەبێت، ئێرانییەکان دەتوانن بە پشتبەستن بە فاکتەری یەکیەتیی قۆناغی ئێستەی شۆڕشی شەقام بەهێزتر بکەن و ئەو چاوەڕوانییەش هەیە لە ئەگەری سەنگەربەندیی نێوان خەڵک و دەسەڵات بەشێکی بەرچاوی هێزە چەکدارەکانی وڵات بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و کۆتایی بە سەرەڕۆییی دەوڵەت و ڕێژیمی خۆسەپێنەری ئاخووندەکان بێنن.
لە وەڵامی پرسیاری دووهەمدا گرنگە ئاماژە بەو فاکتەرانە بکەین کە جیهان بەگشتی و زلهێزەکان بەتایبەتی پێیەوە سەرقاڵن لەمەڕ کۆی کێشەکان.
دەزانین سیستەمی بەڕێوەبەریی جیهانی خەریکە تووشی شەپۆڵی ڕووخێنەر دەبێت، شەڕی ڕووسەکان لەگەڵ ئۆکراینییەکان و هەڕەشەکانی چین لەسەر تایوان یەکێکن لەو مەترسییانەی لەسەر سیستەمی ئیدارەدانی جیهانیدا. ئامریکا دەیهەوێت وەک دەسەڵاتی یەکلاکەرەوە و تەکجەمسەری، هێژموونیی خۆی بپارێزێت لە لایەکی تریشەوە ڕووسیە بە سەرۆکایەتیی پووتین دەیهەوێت لەو سیستەمە ئیداریەدا خۆی بنوێنێت، ناتۆ و ڕۆژاوایییەکانیش وێڕای خۆپاراستن لە مەترسییەکانی ڕووسیە خوازیاری پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیانن. چین وەک زلهێزێکی ئابووری، هەنووکە مەترسییەکی فەرامۆشنەکراوە بۆ ئامریکا و لەمپەری هەرە قورسی سەر ڕێگەی ئابووریی ئامریکا دیارە... لەم نێوانەدا کردنەوەی سۆنگەیەکی تری شەڕ بۆ ئامریکا و ڕۆژاوا لە ڕوانگەی خۆیانەوە عەقڵانی نییە بەڵکوو پێیان وایە دەتوانن بە فاکتەری ناڕەزایەتیی ناوخۆی ئێران زەخت و گوشارێکی زیاتر بخەنە سەر دەسەڵاتی ئێران تاکوو ملکەچی ویستەکانی ئامریکا بێت کە یەک لەوان چارەسەرکردنی پرسی بەرجامە، ئەوەش بەو واتایە نییە کە ڕۆژاوا و ئامریکا خەڵکی ئێران پشتگوێ دەخەن، بەڵکوو ئەوان چاوەڕوانی ئاکامی خۆپێشاندانەکانن ئاخۆ دەتوانن بەردەوام بن یانیش هاوشێوەی ساڵەکانی ڕابردوو پاشەکشە دەکەن! هەرچەند ئامریکا مەبەستی ئەوەیە لە گەڵ دەسەڵاتی ئێستەی ئێران تعامول بکات بەڵام بەردەوامیی شەقامەکانی ئێران ئەم وڵاتە ناچار بەو ڕاستییە دەکات کە دەبێت گۆڕانکاری لە سیاسەتی خۆیدا بکات و پشتگیریی خەڵکی ئێران بێت لە بەرانبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆردا.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەگشتی نەیانتوانیوە پلاتفۆرمێک پێشکەش بکەن و ببن بە ئاڵترناتیڤ لەسەر ڕووخانی دەسەڵاتی ئاخووندەکانی ئێران.
خاڵێکی تر ڕووخانی دەوڵەتی ئێرانە کە ناوەچەکەی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆی و هیلالی شیعیی پێک هێناوە خۆرهەڵات تووشی ناسەقامگیریی زیاتر دەکات، لق و پۆکانی ئێران لە چەندین وڵات وەک سووریە، لوبنان، یەمەن و عێراق دەتوانن ئاڵۆزییەکی مەزن پێک بێنن، بۆیە زلهێزەکان دەیانهەوێت بە شێوەیەکی ئارامتر ئێران ئاڵوگۆڕی بە سەردا بێت بەبێ ئەوەی مەترسیی زیاتر بۆ سەر سیستەمی لاوازی جیهان دروست بکات.
پرسێکی دیکە چالاکبوونی سانتریفیوژەکان و ئاستی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمە لە ئێراندا، بێگومان وڵاتانی زلهێز ڕێگریی دەکەن لە بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی، بۆیە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئێران لە پیتاندنی ئۆرانیۆم چاوەڕوانیی هێرشی سەربازی دەکرێت بۆ سەر ئێران.
هەروەها خاڵێکی تریش گوشاری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیییە بۆ سەر زلهێزان و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتیکردنی خۆپێشاندەرانی ئێرانی و درەخستنی بڕیارنامەیەک بە دژی ڕێژیم لەمەڕ کوشتن و بەندکردنی چالاکانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان، لاوان و ڕێگریکردن لە ئازادییە مەدەنییەکان، وا دیارە ڕێژیمی ئێرانیش گوێڕایەڵی ویستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییی نابێت و ڕێگری دەکات لە کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان (حقیقت یاب) بۆیە ڕەنگە هەندێک گەمارۆی نوێ لەمەڕ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە دژی دەسەڵاتی ئێران بسەپێندرێت و کەمەری دەسەڵات بشکێت.
بەڵام بە خوێندنەوەی من کۆی وەڵامی ئەم دوو پرسیارە دەگەڕێتەوە سەر ئیرادە و ویستی ئێرانییەکان لەمەڕ بەدیهێنانی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و سیکۆلار، ئەو کاتە جیهان هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەسڵی واقع دەکات و ناچار دەکرێن کە پشتگیریی تەواوی خەڵکی ئێران بکەن و ڕەنگە یەک لەوانیش هێرشی سەربازی بێت.
بە هەرحاڵ ئێرانی ئێستە ناگەڕێتەوە سەردەمی پێش شەهید ژینا ئەمینی و ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی بەربڵاوە و درەنگ یان زوو ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە چۆک دادێنێت.