کەیوان دروودی
مانگرتن، یەکێک لە ڕواڵەتە هەرە درەوشاوەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی ـ دێموکراتیکی کوردستانە کە بەپێچەوانەی ڕستە باوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو ڕۆژانەدا، بنەوانەی لەو نیشتمانە ڕەگی کوتاوە. لەو ڕۆژانەدا لە نیوەی مانگی سەرماوەز بۆ یەکەم جار ئەو شێوازە لە خەباتی مەدەنی لە گەورە شارەکانی ئیسفەهان، شیراز، تاران و کەرەج خۆی نواند. بەڵام ئەوەی لێرە (لای نووسەری ئەم دێڕانە) گرینگە، ئەوەیە کە گرینگی بەم ڕووداوە مێژوویییە بدەین، چونکە ئەم مانگرتنە لە پانتاییی جوگرافیای ئێران لە کاتێکدا بوو کە پێش لەوە و بە درێژاییی سێ مانگی ڕابردووی ڕاپەڕینی گۆڕانخوازانەی (انقلابی) "ژینا" لە سەرتاسەری نیشتمانی کوردان، لە ئورمیە تا ئیلام ئەزموون کرابوو.
جاری وایە بە چاوخشاندنێک بەسەر مانشێتی میدیایی، وا دەردەکەوێت کە گوایە ڕاستییەک بە ناوی پێش لە کوردستان بووە، لە کاتێکدا ئەوە کوردستانە کە بەدرێژاییی ٤٤ ساڵی ڕابردوو کەڵکی لەو شێوازە لە خەباتی مودێڕن، وەرگرتووە.
هەر لە سەرەتای هێرشی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سەر شارەکانی کوردستان، خەڵکی کامێران بۆ پێشپێگرتن لەو شەپۆلە داگیرکاری و هەوڵە دژە مرۆیییە، بە بێشکەی ساواکانەوە (منداڵانی کۆرپە) لەسەر جادە و بانەکان مانیان گرت. دواتر ڕووداوی کۆچی مێژووییی خەڵک لە مەریوان و هەروەها دەیان نموونەی تر، ئەوە دەسەلمێنن کە کوردستان چەقی شێوازە پێشکەوتەکانی خەباتی خەڵکی مەدەنییە.
لێرەدا مەبەستمان بەر لەوەی ئەوە بێت کە بپەرژینە سەر وردەکاریی مانگرتنە زنجیرەیییەکانی کوردستان، ئەو ڕاستییەیە کە لەم ڕاپەڕینە نوێیە بێنموونەیەدا، زۆربەی شێوازەکانی خەبات لە کوردستانەوە پەلی هاویشتووە، نەک وەک ئەوەی لە لێنزی کامێرای شۆڤینیزمەوە بڵاو دەکرێتەوە، لە شوێنێکی تر بە ناو "سەرتاسەری" هاتبێتە ئاراوە. تەنانەت ئەگەر پێمان وا بێت ئەم ڕووداوانە سەرتاسەری بووە، دەبێت چەقێکی هەبێت و ناکرێت لەناکاو و بێهۆ لە گشت شوێنێک وەکوو یەک و لە ئاستێکی هاوشێوەدا ڕووی دا بێت.
هەر،جۆرە دیاردەیەکی بەرهەست و بەرچاو، لە دووتۆی گۆڕانکاری و کارلێکگەرییەکی تایبەتەوە سەر هەڵ دەدات. بابەتی ئەم بڕگە نوێیە لە بەربەرەکانێ لەتەک فاشیزمی مەزهەبی تارانیش، لەم بازنە بەدەر نییە.
بۆ دەرخستنی باشتر و وردتری ئەم باسە، چاوێک لە دیاردەی جاش (مزدور) ئەکەین. هەتا ئەم دوایییەش جگە لە بەرپرسە باڵاکان، کەسانی یاساییی ناو دامودەزگاکانی دەسەڵات، جگە لە کوردستان، لای خەڵکی شوێنەکانی تری ئێران وەکوو مۆرەی دژە گەلی نەدەناسران و زۆربەی خەڵک چاویان لە ڕووی ئەو کەسانە دادەخست کە لە گەڕەک و کۆڵانی خۆیان یان تەنانەت لە دراوسێیەتییان دەژیا!
ئەوە ئەم ماوە بوو کە لە شارە گەورە و بچووکەکاندا وێنە و ناونیشانی ئەم ڕمبەدەستانە بڵاو دەکرایەوە تاکوو تووشی سزادانی کۆمەڵایەتی ببنەوە.
سزادانی کۆمەڵایەتی، هەمان ئەو پرسەیە کە لە کوردستان بە دیاردەی جاشەوە گرێ دراوە، بەو جیاوازییەوە کە لە کوردستان ئەو کەسانە جگە لەوەی دوژمنی هەموو خەڵکن لە گشت شوێنێکی ئێران، دوژمنی مافە نەتەوەیییە تایبەتەکانی خەڵکی کوردستانیشن.
هەر جۆر بێ، سزادانی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی هەڵسوکەوتی ڕۆژانە و پارێز لە پەیوەندیی ڕۆژانە هەتاکوو چڵەپۆپەکەی کە سزای فیزیکییە، لە کوردستانەوە سەری هەڵ داوە.
هیچ جێی شوورەیی نییە کە بێژین گڕتێبەردان و سووتاندنی ماڵی ئەو کەسانەش هەنگاوێکی هاوشێوەیە، لەبەر ئەوە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، نەک حکوومەت کە دوو دەزگای تۆقاندن و پڕوپاگاندا زیاتر نییە، ئەوەش ئەو دەسەڵاتە دەباتە ڕێزی گرووپه تیرۆریستییەکان.
شێوازی هەڵسوکەوت لەتەک تیرۆریزمی دەوڵەتی، لای کورد هیچ جیاوازییەکی لەتەک هەڵسوکەوت لەتەک گرووپێکی تیرۆریستیی هێرشبەری ئەشکەوتنشین نییە.
ئەگەر ئەو حکوومەت یان دەوڵەتە لە ڕێگەی تۆقاندن (terror) و پڕوپاگاندای ئایدیۆلۆژیک لەسەر پێ مابێت، ئەوە لە ڕووی بنەماکانەوە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە و ڕێک گرووپێکی تیرۆرە کە بەپێچەوانەی نموونە چکۆلە گەڕۆکەکانی، توانیویە هەر جۆر بێت دەسەڵاتی دەوڵەت لە دەرفەتێکدا دەست بخات. ئەوە حاشاهەڵنەگرە کە ئامانجی داعش دامەزراندنی دەوڵەتێکی لەو شێوازە بوو.
بابەتێکی تر لەو ڕۆژانەدا، سزادانی فیزیکیی مۆرەکانی سوپای تێرۆیستیی پاسدارانە لە ئیسفەهان و تاران لە ڕێگەی چەکی سارد و گەرمەوە بوو. ئەمە درێژکراوەی بەرگریی چەکدارانەی کوردستان لە دەهەی شەستە کە ئەو کات گرینگیی پێ نەدرا و تەنانەت ڕۆژاوایییەکانیش چاویان لەسەر تیرۆریزمی ڕێکخراوی کۆماری ئیسلامی داخست.
دوای چوار دەیە، ئامریکا باسکی چەکداریی ڕێژیمی ئیسلامی، واتە سوپای تێرۆیستیی پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە تا بەرهەقبوون و ڕەواییی خەباتی چەکداریی کورد لایەنی نێودەوڵەتی و عورفی پەیدا بکات.
لە ئێستەدا ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە کەڵکوەرگرتن لە هەر جۆرە خەباتێک دژی دەسەڵاتێکی ئاوا، ڕەوا و ڕێگەپێدراوە.
بۆیە دیسان پێویستە ئەوە دووپات بکەینەوە کە بزووتنەوەی کورد، وەک داهێنەری ڕەوتی خەباتی مەدەنی لە شێوازی مانگرتنی بازاڕ، بایکۆتی هەڵبژاردن تاکوو کۆڕەوی ناڕەزایی، مەیلی بۆ چارەسەریی ئاشتیخوازانە چڕترە لە هەر کاتێکی تر، بەوەشەوە هەر کات بە پێویستی بزانێت و پانتایی ئەو خەباتەی لێ دابخرێت، دەست بۆ هەر جۆرە ڕێگایەکی خەبات دەبات، تا بەرگری لە مان و مەوجوودییەتی بکات.
بەخۆشییەوە لە ئێستەدا نەک هەر خەڵکی ناوخۆ، بەڵکوو ڕێکخراو و حیزب و کەسایەتییە دیارەکانی کورد لە دەرەوە، سەرچاوەیەک و ناونیشانێکی باڵای ئەم ڕاپەڕینەن. ئەمە هەر ئەو شتەیه کە وای کردووە ڕێژیمی ئیسلامی و بەناو ئۆپۆزیسیۆنە هاوتەریبەکانی، بکەونە جموجووڵ و دژی بەرگریی ڕەوای کوردستان شەپۆلێک لە شانتاژ و بەراوەژوونواندنی چەمکەکان بخەنە ڕێ.
لێردا لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵە زۆر گرینگە کە بزانین سەرەڕای پێداگری لە مافەکانمان، ڕێگە نەدەین شەقڵێکی دیار دروست بێت تاکوو کوردستان لە شوێنەکانی تر، بەتایبەت لە نیشتمانی نەتەوە بندەستەکان داببڕێت. بێگومان پۆتانسییەلی کوردستان بۆ خاوەندارییەتی لە کۆی ئەم شۆڕشە زیاتر لە هێز و برەوی پڕوپاگاندای دوژمنانە.