کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی داهاتووی ئێران دەبێت چی و چۆن بێت؟

22:09 - 20 سەرماوەز 2722

مەلا ئەحمەد پاڵانی

 شێوە و جۆری حکوومەت و دەسڵات جۆراوجۆر و جیاواز و زۆرن، بەڵام تاقیکردنەوە دەری خستووە و سەلماندوویەتی کە باشترین شێوەی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵات، دەسەڵاتە لاییک و دێموکرات و بێلایەنەکانن.

بە لەبەرچاوگرتن و هەڵسەنگاندنی شیوەی بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا و چۆنیەتیی سیستەمی ئیداری و یاسایییەکان، دەبێت سیستەمی بەڕێوەبردن و یاسای هەڵسووڕانی داهاتووی ئیمەش سیستەمێکی لاییک و دێموکرات و بێلایەن بێت. دەبێت حکوومەتی داهاتوومان سەر بە هیچ ئایین و ئایدئۆلوژییەک نەبێت و نوینەرایەتیی هەموو نەتەوە و چین و تویژە کۆمەلایەتییەکان بکات و یاسای بنەڕەتیی وڵات بە ڕێزگرتن لە مافی تاک و کۆ و بە پشتبەستن بە زانست و یاسا نێونەتەوەیییەکان و مافە گەردونییەکانی مرۆڤ، یاسای گشتیی وڵات دابڕیژرێت و داهاتووی یاسا و دەسەڵاتی وڵاتی پێ دیاری بکرێت.

 لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو ئایین و ئیدەیەک، ئێمە دەتوانین لە بیر و باوەڕی کەسایەتیی خۆماندا دیندار یان بێ‌بڕوای ئایینی بین، بەڵام ناگونجێت تێکەڵی یاسای گشتیی وڵات و شیوەی فەرمانڕەوایی بەسەر وڵاتدا بکەین و وابێژیی ئازادی و یەکسانیی مافی هەموو تاکیک بکەین، چون ئایین و ئایدئۆلۆژی لە ڕوانگەی بیر و فیکری خۆیانەوە مرۆڤەکان  بە باش و خراب و شایستەبوون و ناشایستە پێناسە دەکەن و ناتوانن مافی یەکسانی هەموو تاکێک بپارێزن. بۆ نموونە لە ڕوانگەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەگەر مرۆڤیک شیعەی دوازدە ئیمامی و بڕوای بە ویلایەتی فەقیهـ و ڕێژیمی ئیسلامی نەبێت، ناتوانێت هیچ پلە و پایەیەکی گرنگ بگرێتە ئەستۆ و خۆی بەربژێر بکات، کەوا بێت هەلبژاردنەکان لە دەسەڵاتە ئایدئۆلۆژییەکاندا بێکەڵکن و ئازادییەکان بۆ کەمینەیەکی کۆمەڵایەتییە و دێموکراسی تەنیا ناوێکی بێ نێوەڕۆکە.

هەر وەک دەبینین لە کاتی پاشایەتیدا پاشا لە سەروی هەموو دەسەڵاتێکەوەیە، لە ڕێژیمی ئیسلامیشدا خامنەیی لە سەرووی هەموو دەسەڵاتێکەوەیە و نە سەرۆککۆمار و نە مجلیس بێ ڕێپێدانی خامنەیی هیچ کارێکیان پێ ناکری.

 بە کورتی لە دەسەڵاتە لاییک و دێموکراتەکاندا وڵات لە ئاشتی و ئارامی باشتردا دەژی و بە یەکسانی و ڕێز لە ئازادی و ڕای جیاوازی تاک و کۆ، هەڵکردن و جیاوزیی یەکتر قەبووڵکردن و ڕیز لە هەر کەسە وەک خۆی، وڵاتەکەمان جوانتر و ئارامتر و پێشکەوتوو تر دەبێت.

 لە دەسەڵاتە لاییک و دێموکراتەکاندا خەڵک لە سەرووی هەموو هێزێکەوەیە و ئەوە خەڵکە کە دەسەڵاتەکان دەگۆڕێت و هێزێک سەر دەخات و هێزێکیش لا دەبات و بە شێوەی هەڵسووڕان و چەندە لە خزمەت گشتیدا حیزبێک هەڵدەبژێرێت و حیزبیک سزا دەدات.

 گرنگتر لە هەموو، لە دەسەڵاتە لاییک و دێموکراتەکاندا دەزگایەکی دادپەروەریی گشتی و سەربەخۆ دەبێت کە هەر یاسایەک ئازادییەکان بەرتەسک بکاتەوە، با زۆربەی خەڵکیش ڕای لەسەر بێت،  ناتوانێت و نابێت ببێت بە یاسا. 

دیارە ئازادی و مافی تاک و گشتی، دیاردەیەکی سروشتیی مرۆڤەکانە و ڕای خەڵکی تەنیا بۆ مافە گشتییەکان و دیاریکردنی دەسەڵاتە. هەموو وڵات ناتوانن مافێک کە پێوەندی بەوانەوە نییە  بەرتەسک بکەنەوە. بۆ نموونە ئەگەر هەموو دنیا بڵێ کورد یان تورک یان عەرەب با مافیان نەبێت، ئەو ڕایە بێنەمایە و جاڕنامەی مافی مرۆڤ ئەو ڕایە بە ناڕوا دەزانێت و ڕێگە نادات ئەو بۆچوونە سەر بگرێت.

 ئەگەر لە ئازادیدا دەسەڵاتەکان دابەش نەکرێت و ئازادییەکی ڕەهای لە سەرووی دەسەڵاتەوە دابین نەکرێت، هیچ نەتەوە و وڵاتیک ناتوانێت پێش بکەوێت و لەگەڵ سەردەمدا بگونجی و بچیتە پێش. بە ڕای من ئازادی بێکۆتایییە و تەنیا ئازادی دەتوانێت ئازادی و سەرفەرانی کۆنترۆڵ بکات.

بە کورتی هەر مرۆڤیک دەتوانێت ئەوەندە ئازاد بێت کە ئازادیی کەسانی تر لەکەدار نەکات و لەبەین نەبات. ئەگەر چی لەو بڕوادام ئەو جار ڕێژیمی ئیسلامی کۆتایی نایە و لەوانەیە  ئەو ڕاپەرینە بە شیوەی کاتی کنترۆڵ بکات و دامرکێنێتەوە، بەڵام درەنگ یان زوو هەر دەڕووخێت و داهاتووی نادیاری وڵات بەبێ یەکگرتووی هێزە دێموکرات و لاییکەکان و بەبێ وشیارکردنەوەی خەڵک لە داهاتووی وڵات و بەبێ ڕێککەوتن و لەسەر دەسەڵات و شێوەی دەسەڵات و یاسای زانستی و مرۆییی گشتیی داهاتوی وڵات، لەو بڕوادام وڵات سەرلەنۆی تووشی سەرەڕۆیی دەبیتەوە. دەبێت لە ئیستەوە شێوەی دەسەڵات و جۆری دابەشکردنی هێز و بەڕێوەبردنی وڵات بە شێوەیەک ناوەندگەرا نەبێت، بۆ خەڵک ڕوون و ڕێککەوتن و هاوڕابوونی هێز و کەسایەتییە دێموکراتخوازەکانی لە یەکیەتییەکی دڵخوازانەیدا دابین بکرێت، دەبێت لە ئیستەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەموو هێز و تواناکانی بخاتە کار و بە هاوپەیمانییەکی سیاسی و سەربازی و بە هاوکاری و هاوڕای هەموو هێز و حیزبەکانی تری کوردستان، هەوڵ بدات تاکوو هاوتا لەگەڵ هێزە دێموکرات و لائیکەکانی دیکەی ئیراندا، پارێزێکی هاوبەش و هاوقازانج ببەستن.

لە بەرنامەیەکدا داهاتووی وڵات و یاسا و دەسەڵات بەیەکەوە هاوڕا و هاوکار و هەڤاڵی یەکتر بن و بەرتەسککردنەوەی ئازادی و دەسدرێژیکردن بۆ سەر هەر کامەیان و هەر تاکێک بە دەسدرێژی بۆ سەر هەموویان پێناسە بکەن و بە یەکگرتویی و یەکدەنگ بەرگری لە هەموو ئازادییەکان بکەن. ئەگەر وا نەبێت لەوانەیە سەرلەنوێ دیکتاتۆرێکی دیکە بێتەوە سەر کار و هەر وەک شا ڕێبەر یەکسانی و ئازادیی تاک و گشتی زەوت بکەنەوە، ژیان و سەرفەرازیی هەموو وڵات بۆ سەدەیەکی دیکە بکەن بە ژان.