کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان و فەرانسە خەڵاتی مافی مرۆڤی ساڵی ٢٠٢٢یان بە ژینا ئەمینی و ژنانی ئێران بەخشی

10:37 - 21 سەرماوەز 2722

وەزیرانی دەرەوەی فەرانسە و ئاڵمان ڕایانگەیاند بەشێوەی هاوبەش خەڵاتی مافی مرۆڤی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیان  ژینا ئەمینی و ژنانی گەلانی ئێران بەخشیوە.

کاترین کۆلۆنا و ئانالیا بێربۆک، وەزیرانی دەروەی وڵاتانی فەرانسە و ئاڵمان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی، هەتاوی لە تویتێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ئەو دوو وڵاتە خەڵاتی مافی مرۆڤ و دەسەڵاتی یاسایان بەشێوەی هاوبەش بە ژینا ئەمینی و هەموو ژنانی ئێران بەخشیوە.

وەزیری دەرەوەی فەرانسە بە ئاماژە بە دروشمی"ژن ژیان ئازادی" لەلایەن گەلانی ڕاپەڕیوی ئێرانەوە وتی: "ئەو خەڵاتە لەبەر بوێری خەڵکی ڕاپەریوی گەلانی ئێران کە داوای ئازادی دەکەن دەبخشرێ بە ژینا ئەمینی و هەموو ژنانی ئێران".

وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیش وتی کە لە کاتی دەسپێکردنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانەوە بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، تا ئێستا زیاتر لە ٤٥٠ کەس لە ژن و منداڵ و پیاوی گەلانی ئێران بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ١٨ هەزار کەس لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، هەر بۆیە لەهەمبەر بوێری ژنانی ئازادیخوازی ئێران کە بە دەستی بەتاڵ ڕووبەڕووی ڕێژیم دەبنەوە، ئەوە خەڵاتە پێشکەش بە ژینا ئەمینی و هەموو ژنانی گەلانی ئێران دەکەین.