
وڵاتی نیوزلەند ٢٢ بەرپرسی سەربازیی و ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی ڕۆڵیان لە سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران و هەروەها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە خستە لیستی گەمارۆکانەەوە.
جاسیندا ئاردرێن، سەرۆکوەزیرانی نیوزلەند، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "وڵاتی نیوزلەند بەردەوام لە ئازادیی تاکە کەسی و سیاسی خەڵک بەرگری دەکا و هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازیی و وەزاڵەهاتووی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە بەتوندی مەحکووم دەکا و لەو پێوەندییەدا گەمارۆ دەخاتە سەر ٢٢ بەرپرسی سەربازیی و ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران کە دەور و نەخشیان لە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیودا هەبووە"
ناوبراو هەروەها وتیشی: "ئەو ڕووداوەی کە بۆ ژینا ئەمینی ڕوویداوە هیچ پاساوێک هەڵناگرێ و نیوزلەند پشتیوانی خەڵکی ئێران بە تایبەتی ژنان و کچانی ئەو وڵاتەیە".
هەر لەم پێوەندییەدا نێنایا ماهووتا وەزیری دەرەوەی وڵاتی نیوزلەند وتی کە لە سەرووی هەمووی ئەو کەسانەوە کە گەمارۆیان خراوەتەسەر حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، غوڵامڕەزا سولەیمانی فەرماندەی بەسیج، حوسێن ئەشتەری فەرماندەی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم و محەممەد ڕۆستەمی، فەرماندەی پۆلیسی ئەخلاقی ڕێژیم لە تاران، بەرچاو و دیارن.
لەلایەکی دیکەوە دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی نیوزلەند، داوایان لەو وڵاتە کردووە کە پێوەندییە دیپڵۆماتیکەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ تاران کۆتایی پێبهێنن و سپای پاسدارانی ڕێژیم وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنن.