کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەند شاری بەلووچ بۆ پشتیوانیی لە مەولانا عەبدولغەفار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو

12:46 - 21 سەرماوەز 2722

بەدوای بانگهێشتی مەولانا عەبدولغەفار نەقنشبەندی بۆ دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری مەشهەد، خەڵکی ئازادیخوازی شارەکانی ڕاسک و سەرباز لە مزگەوتی گشتیی "قاسمیـ"ـی شاری ڕاسک بۆ پشتیوانیی لەو مامۆستا ئایینییە کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

مەولانا "عەبدولغەفار نەقشبەندی" مامۆستای ئایینی بەلووچ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری مەشهەد بەهۆی پشتیوانیی ناوبراو لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران بانگهێشت کراوە کە لەلایەن خەڵکی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینیی چەند شاری پارێزگای سیستان و بەلووچستان کاردانەوەیەکی زۆری لێ کەوتەوە.

لەو پێوەندییەدا زانایانی ئایینی شارەکانی ڕاسک، سەرباز و ئاشار هەوکات لەگەڵ خەڵکی ناڕازی لە مزگەوتی قاسمی کۆ بوونەوە و لە بەیاننامەیەکەدا سەبارەت بە بانگهێشی ناوبراو بۆ دادگا، پشتیوانیی خۆیان لە مەولانا نەقشبەندی دەربڕی.

هەتا ئێستا چەند مامۆستای ئایینی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەوانە مەولانا عەبدولغەفار نەقشبەندی بەهۆی پشتیوانیی لە ڕاپەڕینی گەڵانی وەزاڵەهاتووی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کراوە.