کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە پێدانی خەڵاتی مافی مرۆڤی ئاڵمان و فەرانسە بە ژنانی ئێران

12:58 - 21 سەرماوەز 2722

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە پێدانی خەڵاتی مافی مرۆڤی هاوبەشی دوو وڵاتی ئاڵمان و فەرانسە بە ژینا ئەمینی و ژنانی ئێران دژکردوەی نیشان دا و ئەو کارەی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا وەسف کرد.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ڕێژیمی ئێران شەوی یەکشەممە، ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە توییتێکدا پێدانی خەڵاتی مافی مرۆڤ بە ژنانی ئێران لەلایەن دوو وڵاتی ئاڵمان و فەرانسە بە پێشێلکاریی مافی خەڵکی ئێران وەسف کرد و بەم شێوەیە دژکردەوەی خۆی لەهەمبەر ئەو کارە نیشان دا.

دژکردەوەی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدابوو کە چەند کاتژمێر پێشتر باڵوێزخانەی وڵاتی فەرانسە لە ئێران ڕایگەیاندبووە کە ئەمسال ئەو وڵاتە لەگەڵ ئاڵمان خەڵاتی مافی مرۆڤی خۆیان پێشکەش  بە ژینا ئەمینی و ژنانی ئێران کردووە.

باڵوێزخانەی وڵاتی فەرانسە لە توییتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەو خەڵاتەیان لە ڕۆژی ١٠ی دێسامبر هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ سەبارەت بە بەرزنرخاندی شۆڕشی ژنان لە ئێراندا بۆ وەدوەستهێنانی ئازادی، مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا پێشکەش بە ژینا و ژنانی ئێران کردووە