
لەدرێژەی کاردانەوە نێونەتەوەییەکان لەهەمبەر لەسێدارەدانی مەجید ڕەزا ڕەهنەوەرد، دەوڵەتی ئامریکا بەتوندی ئەو کردەوەی ڕێژیمی ئێران مەحکووم کرد و هەروەها ڕاشیگەیاند کە لەسیدارەدانی ناوبراو لە پێش چاوی هەموو خەڵکەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژیمی ئاخوندی لە خەڵکی وڵاتەکەی زۆر دەترسێ.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە لەسێدارەدانی دووهەمین کەسی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران بە دەستی جەلادەکانی ڕێژیم وتی: "ئەمجۆرە لە سێدارەدانە لە پێش چاوی خەڵکەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژیم لە خەڵکی خۆپیشاندەر زۆر دەترسێ بۆیە بۆ مانەوەی خۆی لەسەر دەسەڵات هەموو هەوڵیکی دژە مرۆیی دەدا".