کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوژینی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان لە شاری پیرانشار كۆچی دوایی كرد

11:51 - 22 سەرماوەز 2722

دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، دایە توبا ئاوەر، كچی حاجی ڕەحمان ئاوەر و هاوژینی شەهید حەسەن سوڵتانی، بەهۆی بەساڵاچوویی لە شاری پیرانشار كۆچی دوایی كرد.

دایە توبا هاوسەری شەهیدی نەمر حەسەن سوڵتانی کوڕی محەمەدی مام ڕەسوڵی گرداشەوانە كە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر و دێموكراتپەروەری ئەو ناوچەیەن و لە سەرجەم قۆناغە جیاوازەكانی خەباتی نەتەوەیی حیزبی دێموکراتدا یارمەتیدەری شۆڕش بوونە و بەشداریی چالاكانەیان هەبووە.

لە ڕەزبەری ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە شەڕی گرتنەوەی شاری پیرانشاردا كاک حەسەن هاوسەری دایە توبا شەهید دەبێت و لەو كاتەوە ئەركی سەرپەرشتی و پێگەیاندنی منداڵەكانی بەوپەڕی هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ڕێبازی كوردایەتی و خوێنی شەهیدان، بە ڕووسوورییەوە گرتە ئەستۆ و بە بیر و هزری ڕزگاریی و سەربەخۆیی كوردستان پەروەردەی كردن.

دایە توبا سەڕەڕای هەموو سەختییەكانی ژیان بڕوادار بە هاتنەدی ئاواتی شەهیدان لەسەر ڕێبازی هاوسەرەكەی وەفادار مایەوە و هەردەم خۆزگەی بە دیداری پێشمەرگە و ڕزگاریی نیشتمان دەخواست كە بەداخەوە مەرگ نەیهێشت بەو ئاواتەی بگات.

تەرمی دایە توبا ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە گۆڕستانی زەرگەتەن سەر بە شاری پیرانشار بە خاكی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسی دایە توبا دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.