ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک ئەحمەد ئیبراهیم پوور، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری فرێدریکستاد لە وڵاتی نۆروێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک ئەحمەد لە دایکبووی گوندی مەلاشێخی ناوچەی سەردەشت و کەسایەتییەکی ناسراو و خۆشناوی ناوچەی سەردەشت و گوندی مەلاشێخ بوو، ناوبراو دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان و وەک شۆڕشگێرێکی بە وروە و لەخۆبردوو لە هێزی شەهید موعینی سازمان درا.
کاک ئەحمەد پێشمەرگەیەکی بە ئیمان و بە توانا و ڕاستگۆ بوو و تواناکانی ناوبراو وای کردبوو کە هەمیشە چەکی قورسی هەڵ دەگرت و زۆر ئازایانە لە شەڕەکاندا بەرەنگاری دوژمن دەبووە، لەماوی پێشمەرگایەتیدا دوو جار بریندار بووە و هەر دووک جار دوای ساڕێژبوونەوەی برینەکانی گەڕاوەتەوە مەیدانی شەڕ و درێژەی بە خەباتی داوە و هەر ئەرکێکی پێیان سپاردبایە بەوپەڕی لێهاتووییەوە ڕایدەپەراند.
کاک ئەحمەد دوای دەیان ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی ساڵی ١٩٩٨ی زایینی ڕووی لە هەندەران کرد و وەک پەنابەر لە وڵاتی نۆروێژ گیرسایەوە، ناوبراو لە هەندەرانیش ماویەک درێژە بە خەباتی خۆی دا، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەخۆشی نەیتوانی زۆرتر لە خزمەتی حیزبەکەیدا بێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.