ئەلبورز ڕۆئین تەن
بۆ یەکەم جار پاول هارتک مامۆستایەکی زانکۆی هامبورگ لە ساڵی ۱۹۳۹دا نامەیەکی بۆ وەزراەتی بەرگریی لە ئاڵمان نارد کە شکاندنی ناوکی ئەتۆم دەتوانێ هێزێکی زۆر بۆ تێکدان دروست بکات و وەک چەک بە کار بهێنرێت. هەر زوو هیتلێر لێژنەیەکی بۆ بەدواداچوون ڕاسپارد کە لەو بابەتە بکۆڵێتەوە. لەوانەیە هارتک ئەوکات ئاگادار نەبوبێ کە بەوە چ کێبەڕکێیەکی مەترسیداری لەنێوان مرۆڤەکاندا دروست کرد کە هەڕەشەی جدی بۆ سەر هەموو گۆی زەوییە.
لە کاتێکدا کە ئەو هەواڵە بە ئەمریکای زلهێز گەیشت لە ترسی ئەوەی کە هیتلێر دەستی پێی ڕا نەگات، هەر زوو دەستی بە لێکۆلینەوە و دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی کرد، ئەو کارە بۆ ئەمریکا کە زۆربەی زانایانی هەڵاتوو لە شەڕ لەو وڵاتە گیرسابوونەوە، زۆر ئەستەم نەبوو و تەنانەت دواتر بووە یەکەم وڵات کە بە کاریشی هێنا. سۆڤییەت زلهێزەکەی دیکە دونیا بۆ ئەوەی وەدوا نەکەوێ هەر زوو هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ کە ئەویش بتوانێ ئەو چەکەی هەبێت و لەو کاتەوە کێبەڕکێیەکی هەبوونی چەکی ناوکی دروست بوو، کە وێڕای هەموو مەترسییەکانی بۆ سەر مرۆڤایەتی پێشی بە زۆر شەڕیشی گرتووە چونکە ئەگەری بە کارهێنانی ئەو چەکە ئەوەندە ترسناکە وڵاتەکان لە شەڕ یا لانی کەم لە شەڕی ڕاستەوخۆ دەپارێزێ.
مەترسیی هەبوونی چەکی ناوکی سەڕەڕای هەبوونی ڕێککەوتنامەی نێونەتەوەیی بۆ کەمکردنەوەیان بەردەوام پرسێکی گرینگی ناوچەی و تەنانەت جیهانی بووە، لە هەمان کاتیشدا وڵاتەکان وەک هەبوونی قەڵغانێک بۆ پێشگیری لە هێرشی بەرانبەر هەوڵی بەدەستهێنانیان دەدەن.
دیکتاتۆرییەتی پاشایەتیی ئێران کە لە فرۆشتنی نەوت پارەیەکی زۆری وەدەست دەکەوت، بەڵام ئەو پارەیەی زیاتر لەوەی بۆ بەرەوپێشبردنی وڵات بە کار بێنێ بۆ پڕچەک کردنی خۆی بە کاری دەهێنا، تەنانەت خۆی بە ژاندرامی ناوچە دەزانی، هەر زوو هەوڵی دا کە ببێتە خاوەنی ڕەئاکتۆری ناوکی بۆ بەرهەهێنانی کارەبا، وێڕای ئەوەش بتوانێ پیتاندنی ئورانیومی هەبێ و لە پاشماوەکانی ئورانیوم بۆ مەبەستی سەربازییش بە کار بێنێ.
بەڵام وێڕای کارکردن لە گەڵ ئوروپیەکان ئەو کارە بە ئاکام نەگەیشت. دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری ڕێژیمی دیکتاتۆر و تۆتالیتەر و تێروریستی کۆماری ئیسلامی ئەو پڕۆژەیە بەتەواوی چوارچێوەیەکی سەربازیی گرتەخۆ ، بە تایبەت دوای شەڕی ئێران و عێراق و هەوڵەکانی سەدام بۆ دروستکردنی ڕەئاکتۆری تەموزا ئەو بابەتە بۆ کۆماری ئیسلامی وەک پرسێکی گرینگ جێی گرت. تەنانەت لە نامەکانی موحسینی ڕەزایی، بەرپرسی ئەوکاتی سوپای پاسداران بۆ ڕەفسنجانی و خۆمەینی هەبوونی بۆمبی ئەتۆمی و چەکی پێشکەوتوو بە پێویست زاندرا بۆ بردنەوەی شەڕ. بەڵام دوای شەڕیش کە پرسی نەمانی حوکمی دەسەەڵاتی جەماران وەک دەسەەڵاتێکی دژەگەل پرسی ڕۆژەڤ دەبێ، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بەو چەکە دەبێتە پرسێکی گرینگ بۆ ئەوەی بتوانن لەو قەڵغانە بۆ بەردەوامی حوکمی ناڕەوای خۆیان و پێشگرتن بە هێرشی سەربازیی وڵاتانی دیکە کەڵک وەرگرن.
بۆ ئەو مەبەستەش وێڕای هەوڵەکانی نێوخۆی لە ڕێگەی کڕینی زانیاریی دروستکردنی سانترفیوژ بۆ پیتاندنی ئورانیوم لە عەبدولقەدیرخان، باوکی ئەتۆمی پاکستان هەوڵەکان زۆر بە جیدی دەست پێ دەکەن لە ئاکامدا لە چوارچێوەی چەند پڕۆژەی جیاواز و چەند شوێنێ جیاواز هەوڵی پیتاندنی ئورانیوم دەدەن کە دواتر دەبێتە هۆی وشیاربوونەوەی وڵاتانی جیاواز کە مەترسی هەبوونی ئێڕانێکی خاوەن چەکی ناوکی هەیە، کە لە بنەڕەتدا ڕێژیمێکی تێرۆریست و پشتیوانی تێرۆر لە جیهانە و هەروەها هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری ناوچەیە کە زیانێکی بێوێنەی مرۆڤی و دارایی و سیاسی بە ئێران و ناوچە گەیاندووە. ڕۆژئاواییەکان لەوەها دۆخێکدا بە سیاسەتێکی هەڵە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئێران لە ڕێگەی ڕێککەوتن و دیالۆگ دەکەن کە مومکین نەبووە و نییە.
ئایا کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بۆمبی هەبێ؟
کۆماری ئیسلامی وەک نانی شەو پێویستیی بە هەبوونی چەکی ناوکی هەیە و هەوڵی بۆ دەدات، لە کوێ ڕا دەزانین کە دەیهەوێ:
بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و بە ڕواڵەت چەکی ئەتۆمی لەلایەن مەرجەعەکانی ئەوان لەوانە خومەینی و خامنەییەوە حەرام ڕاگەیاندراوە، هەر بۆیە ئەوان نایانهەوێ چەکی ئەتۆمیان هەبێ. سەرەتا دەکرێ ئەو پرسیارە بکرێ ئەوە حەرام کراوە کە ئامادەن ئەو هەموو گەمارۆ و زیانەتان پێ بگا، ئەی ئەگەر حەرام نەبا کۆماری ئیسلامی چەندە بەدوایدا دەبوو! ئەگەر حەرامە هەموو سایتە ئەتۆمیەکان بدەنە دەست ئاژانسی وزەی ئەتۆمی با چاودێری بکەن و گەمارۆکانیش هەڵگیرێت، بۆ بەردەوام ڕێگری لە چاودێری دەکەن؟
بەڵگەیەکی دیکە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لەکاتی شەڕی ئێران و عێراق و بە تایبەتی هەوڵەکانی ڕەفسنجانی و سوپای پاسداران کاتێک کە دەیان دیت وێڕای بە کوشتدانی سەدان هەزار کەس بەئەنقەست دیسان ناتوانن ببنە هێزێکی لەشکری ئەوتوو کە بتوانن شەڕ بە قازانجی خۆیان تەواو بکەن. هەروەها بە دروستکردنی ڕەئاکتوری بووشێهر لە ڕێگەی ڕووسەکانەوە دەیانهەویست زانستی ئەتۆمی و هەروەها پاشماوەی ناوکی ڕەئاکتۆرەکەیان دەست کەوت، بەڵام ئێران وێڕای تێچوویەکی یەکجار زۆری سیاسی و ئابووری هیچ دەسەڵاتێکی بە سەر بەکارهێنانی ئەو ڕەئاکتۆرەشی نییە.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وەک هەموو جار بە درۆ دەیان گووت مەبەستیان لە دروست کردنی وێستگەی بوشێهر دابینکردنی کارەبایە. دەرکەوت نەتەنیا ئەو وزەیەی کە لەو وێستەگەیە دابین دەکرێ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر بڕی دروستکراوی کارەبای ئێران نییە، بەڵکو بەو پارەیەی کە لە بووشێهر بە درێژای مێژوو خەرج کراوە دەکرا زۆر زیادتر لەوە کارەبا بەرهەم بهێنرێت و تەنانەت سەدان پڕۆژەی گەورەتری دیکەی خزمەتگوزاریش ئەنجام بدرێت.
ئاشکرابوونی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و عەبدولقەدیرخان بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ ئەو هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی لە پێناوی گەیشتن بە چەکی ناوکی داوە. ئاشکرا بوونی چەندین کۆگای سانتریوژی وەک نەتەنز و فوردو کە بە دزیەوە هەوڵی پیتاندنی ئورانیومیان داوە بەڵگەیەکی دیکەیە کە کۆماری ئیسلامی هەوڵی گەیشتن بە چەکی ناوکی دەدات.
ئاشکرا بوونی دەیان بەڵگەی دیکە لەوانە ئەو بەڵگانەی کە ئسرائیل و لایەنەکانی دیکە ئاشکرایان کردوە بە تایبەتی لەو بەڵگانەی کە نەتانیاهۆ لە سەر تورقوزاباد و پڕۆژەی عیماد و بەرپرسەکەی موحسین فەخریزادە ئاشکرای کردن کە ئیتر بە تەواوی ویستی کۆماری ئیسلامی بۆ هەبوونی ئەو چەکە دەرکەوت. تەنانەت کوژارن و چۆنیەتیی کوژرانی فەخریزادە تەنیا بە مەبەستی ڕێگر کردنی هەوڵی گەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی بووە.
ڕاپۆرتە جیاوازەکانی ئاژانسی وزەی ناوکی بە تایبەتی لە چەند مانگی ڕابروو لە سەر پیتاندنی ئورانیم سەدا ٦۰ و تەنانەت بەرز بوونەوەی ڕێژەی ئۆرانیومی سەروی سەدا ٦۰ هەروەها دیتنەوەی ڕێژەی بەرزی مادەی ڕادیۆئەکتیو بەڵگەیەکی دیکەیە کە ئێران دەیهەوێ.
پێویستە بگوترێت ئەو بەڵگانە بۆ ئەو کەسانەی کە تا ئێستاش ئامادە نین کۆماری ئیسلامی بناسن پێویستن بۆ منی دژبەری ئەو ڕێژیمە توتالیتەرە کە شایەدی کردەوە دژە مرۆڤانەی ئەو ڕێژیمەیە پێویستی بە بەڵگە هێنانەوە ناکات بەڵکوو ڕوون و ئاشکرایە کە ڕێژیمی مەلاکان بۆ درێژکردنەوەی یەک ڕۆژ تەمەنی حوکمداری خۆیان ئامادەن ژیانی هەموو مرۆڤایەتی بخەنە مەترسیەوە.
ئایا کۆماری ئیسلامی دەستی بە بۆمبی ئەتۆمی گەیشتووە یا دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمی هەبێ؟
ئایا کۆماری ئیسلامی بۆمبی ئەتۆمی هەیە یا نە پرسیارێکی زۆر جیدیە. لێدوانی کەماڵ خەڕازی ڕاوێژکاری نێونەتەوەیی لە مەڕ ئەوەی کە ئێڕان توانای پیتاندنی ئورانیومی سەدا ۹۰ هەیە کە بۆ هەبوونی بۆمبی ناوکی پێویستە لە مانگی ڕابردوو جارێکی دیکە ئەو باسەی وەروژاند کە ئایا کۆماری ئیسلامی چەند لە بۆمبی ناوکی نزیکە. هەروەها محەممەد سولێمانی، بەرپرسی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێرانیش ئەو بابەتەی دووپات کردەوە کە ئێران دەتوانێ ئورانیومی سەدا ۹۰ بەرهەم بهێنێ کە بۆ بۆمبی ناوکی پێویستە بەرهەم بهێنێ.
لە لایەکی دیکە بەردەوام لەلایەن کارناسانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی و شرۆڤەکەری جیاوازەوە ئەو چەندپاتە ە دەکرێتەوە کە ئێران خاوەنی ڕێژەیەکی زۆری ئورانیومی پیتێندراوی سەدا ٦۰ ە کە ئەو ڕێژەیە بەشی دروستکردنی یەک یا دوو بۆمب دەکات. هەروەها لێدوانەکانی بەرپرسانی ئسڕائیلیش بەردەوام ئەو باسە دەورژێنرێت کە ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ناوکی نزیکە.
ڕوانگەیەکی زانستیی ڕاست لەو بوارەدا نییە، ئەو بانگەشەی لە لایەن کۆماری ئیسلامی کە دەڵێ دەتوانن بە ئاسانی ئورانیومی سەدا ۹۰دروست بکەن و هەروەها لێدوانی نافەرمیی نیزیک ڕێژیم کە دەڵێن گۆیا بە بۆمبی ناوکی گەیشتوە دەتوانێ بەشێک لە بانگەشەو سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بێت بۆ ئەوەی لە دانووستاندنەکان ئیمتیازی زیاتر وەرگرێت. ڕاستییەکی دیکە ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی بە تایبەت لە شێوەی کۆماری ئیسلامی بەردەوام پڕۆپاگەندای بەهێزیی خۆیان دەکەن، بەڵام بە تایبەتی دوای ڕووخانیان دەردەکەوێ کە زۆریش لاواز بوون. لە لایەکی دیکە بە هۆی ویستی زۆری کۆماری ئیسلامی دەکرێ ئەو بانگەشانە بە تایبەتی بە دوای ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی وزەی ناوکی لەو بوارە کە ڕێژەی ئۆرانیومی پیتاندراو بەردەوام لە زیاد بووندایە بە هەند وەربگیرێت کە کۆماری تیرۆریستی ئێران لە بۆمبی ناوکی نیزیک بۆتەوە.
بە بۆچوونی من بە هۆی ئەو هەستیارییەی کە ئیسرائیل لەو بوارەدا هەیەتی هەروەها هەموو ئەو هێرشانەی کە بە ئاشکراو و نهێنی کردوویەتە سەر ناوەندەکانی ئەتۆمی، ئێران ناتوانێ دەستی بە بۆمبی ناوکی ڕابگات، هەربۆیەش ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ناوکی گەیشتبا یا نزیک با ،بێ گوومان سیاسەتێکی زۆر جیاوازی لەوەی ئێستای هەڵدەگرت کە هەبوونی چەکی ناوکی پێوە دیاربا. بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێ ئەو ڕاستیە کە ئێران دەیهەوێ بۆمبی ناوکی هەبێ فەرامۆش بکرێت و ئەگەری دەستپێڕاگەیشتنی دەبێ زۆر بە جیدی چاودێری بکرێت.
کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکی و بێ چەکی ناوکی؟
یەکەم بێگومان پێویستە هەموو لایەنی نێودەوڵەتی هەوڵ بدات کە کۆماری تێرۆریست و دڕەندە دەستی بە چەکی ناوکی نەگات، بەڵام ئایا ئەو هەڕەشەیە تەنیا بۆ ئەوە نییە کە کۆماری ئیسلامی لە هەوڵەکانی دیکە بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچە و جیهان بەردەوام بێت، یا ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە سووریە یا ناوچە بە گشتی کردوویەتی کەمتر بووە لە زیانی چەکی ناوکی، بێگومان بەبێ چەکی ناوکی کۆماری ئیسلامی ژیانی میلیۆنها مرۆڤی لە ناوچەیەکی گەورەو و گرینگی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست خستۆتە مەترسی، تەنیا لە شەڕی سووریە کە کۆماری ئیسلامی هۆکاری بەردەوامی بوو بە دەیان میلیۆن مرۆڤ کوژراو و بریندار و ئاوارەی هەبووە.
کەواتە زیانەکانی ئێستای کۆماری ئیسلامی کەمتر نییە لەو کاتەی کە چەکی ناوکی بە دەست بێنێت یا چەکی ناوکی بە کار بێنێت.
هەر بۆیەش پێویستە دونیای نێودەڵەوتی جەوهەری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی وەک ڕێژمێکی تۆتالیتەر کە مەترسی بۆ سەر خەڵکی خۆی و وڵاتانی ناوچەو هەموو جیهان هەیە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بناسن بۆ ئەوەی ئەو ڕێژیمانە نەتوانن بەئاسانی بە بارمتەگرتنی سەقامگیریی دونیا و تێرۆر و جینایەت درێژە بە تەمەنی خۆیان بدەن. ئەو سیاسەتە نەک لە پێناو پاراستنی گەلانی ئێران، بەڵکو پێویستە لە پێناو پاراستنی گیانی شارۆمەندی خۆیان کە بە شێوەی جیاواز دەبنە قوربانیی کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بگرنە بەر.
هەربۆیە لە جیاتی کۆنتڕۆڵ کردنی ئێران لە ڕێگەی ڕێککەوتنامەی وەک بەرجام و دیالۆگ کە کارێکی کردەنی نییە، پێویستە سیاسەتی گووشار هەرچی زۆرتر ببێتە بەرنامەی کاری ئەوان چونکە کۆماری ئیسلامی و ئێران بۆ زیادکردنی یەک ڕۆژی تەمەنی خۆی ئامادەیە هەر کردەوەیەکی دژە مرۆڤانە ئەنجام بدات.