کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم لە خۆپیشاندەرانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران

10:46 - 23 سەرماوەز 2722

لەدرێژەی هەڕەشەکان و هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران دژی خەڵکی ڕاپەڕیوی نێوخۆ و هەروەها دژبەرانی ئەو ڕێژیمە لە دەرەوەی وڵات، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، جارێکی دیکە هەڕەشەی کپکردنی دەنگی خەڵکی ڕاپەڕیو و خۆپیشاندەر لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانی کرد.

هەواڵدەریی ئەلعالەم سەر بە دەنگ و ڕەنگی، کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی وتوویژێکی تێلێڤیزیۆنی لەگەڵ ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، کە تەنانەت کاتی وتووێژەکەش نادیارە، ئیسماعیل خەتیب دەڵێ: "هەرکەسێک بیهەویت زەربە لە دەسەڵات بدا و دژی دەوڵەت بێتە سەر شەقامەکان لە هەر شوێنێکی ئێران تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش بێ، دەبێ سزای قورسی هەوڵەکانی دژی دەسەڵات ببینێ.

ئەم هەڕەشەی وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا لەسێدارەدانی دوو کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران لە شارەکانی تاران و مەشهەد، کاردانەوەی توندی خەڵکی نێوخۆی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانیی دژی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتووەتەوە.