
پاش مەحکوومکردنی بەربڵاوی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە لەسێدارەدانی دوو کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و هەروەها دەبەسەرکردنی ٧ هاووڵاتیی فەرانسەیی لە ئێران، وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، باڵویزی ڕێژیمی ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگ کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز کە رۆژی ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، بڵاو کراوەتەوە، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، جێگری باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی لە پاریس، بەهۆی پێشێلکردنی بەردەوامیی مافی مرۆڤ لە ئێران و هاوکاریکردن لەگەڵ ڕووسیە و ناردنی فڕۆکەی بێفرۆکەوان بۆ ئەو وڵاتە و دەسبەسەرکردنی ٧ هاووڵاتیی فەرانسەیی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بانگی ئەو وەزارەتخانەیەی کرد.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو بووەتەوە کە، وەزیری دەرەوەی فەرانسە ڕۆژی دووشەممە، هاورێ لەگەڵ هاوتاکانی دیکەیدا لە یەکیەتیی ئورووپا، گەمارۆگەلێکێ قورسیان بەسەر بەرپرسان و چەند ڕێکخراوی ڕێژیمی ئێران کە دەستیان لە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازیی ئێراندا هەبوو سەپاندووە.
هاوکاتیش لەگەڵ سەپاندنی ئەو گەمارۆگەلە وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا لەسێدارەدانی"مەجید ڕەزا ڕەهنەوەرد" یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانی لەلایەن ڕێژیمەوە و لە پێش چاوی خەڵکەوە بەتوندی مەحکووم کردبوو.