![](/content/upload/1/news/57459_w920.jpg)
ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران، بەشێوەیەکی دڕندانە خەڵکی بوێری گەلانی ئێران، کە دەیانهەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتیکی دیکتاتۆری و ئایینی بێنن سەرکوت دەکا و هەروەها لە دەرەوە ئێرانیش هەڕەشەکانی پەرەی گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی نەشناڵ نیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی،"تام تۆگێندات" وەزیری ئەمنییەتی بریتانیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا سەربارەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و هەروەها سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لەلایەن ئەو رێژیمەوە وتی: "دەستێوەردانەکانی ئێران و هەڕەشەکانی لە نێوخۆی بریتانیا بۆ سەرکوتی دژبەرانی ڕوو لە پەرەسەندنە و ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران ئێمەی نیگەران کردووە و دەبێ کاردانەوەیەکی خێرامان لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران هەبێ".
ناوبراو هەروەها وتیشی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە دژی نەیارانیان لە خاکی بریتانیا هەڕەشەیە بۆ سەر دێموکراسی ئەو وڵاتە و دەبێ بە خێراترین کات پێش لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بریتانیا بگیردرێت.
وەزیری ئەمنییەتی بریتانیا وتی: "رێبەرانی ڕێژیمی ئێران بۆ مانەوەی خۆیان لەسەر تەختی دەسەڵات هەرکەسێک کە وەکوو هەڕەشە لەسەر خۆیان و مانەوەی دەسەڵاتەکەیان ببین بە توندترین شێوە سەرکوتی دەکەن و لە نێوی دەبەن.
ناوبراو هەروەها وتیشی کە کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆ و تەنانەت دەروەی سنوورەکانی، بەرژەوەندییەکانی ئێمە و هاوپەیمانانی خستووەتە مەترسییەوە و دەبی کۆمەڵگەی جیهانیی کاردانەوەی توندی سەبارەت بە سەرەڕۆییەکانی ئەو ڕەژیمە هەبێ.