کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارناسانی ڕۆژاوایی: ڕێژیمی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی داوێنگیری ڕووسیە دەبێ

11:58 - 23 سەرماوەز 2722

کارناسانی ئەمنییەتی ڕۆژاوایی ڕایانگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر هاوکاریی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە، داوا لە موسکۆ دەکا کە پێداویستییەکانی چەکی ناوکیی بۆ دابین بکات.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژنامەی "میرۆر"ـی بریتانیایی ڕایگەیاند کە کارناسانی ئەمنییەتی ڕۆژاوایی پێیانوایە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەرانبەر هاوکاریی چەکوچۆڵ بە ڕووسیە دژی ئۆکراین، داوای لە موسکۆ کردووە کە پێداویستییەکانی چەکی ناوکیی بۆ دابین بکا و کۆماری ئیسلامی بەرنامەی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی جۆری "شاهید ١٣٦" بدا بە ڕووسیە و کە لە خاکی خۆیدا بەرهەمی بهێنی و باس لە هەناردەکردنی مووشەکی بالسیتیکیش کراوە کە لە ئێرانەوە بدرێ بە ڕووسیە.


کارناسانی ڕۆژاوایی ئەوەشیان ڕاگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەردا داوای پێداویستیی چەکی ناوکیی لە ڕووسیە دەکا و ئەوەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر جیهان بۆیە پێویستە ڕۆژاوا گەمارۆگەلی کاریگەر بەسەر موسکۆ‌دا بسەپێنن کە نەتوانێ مامەڵەی لەو شێوەیە بکا و دەبێ چاوەدێری وردی ڕێژیمی ئێران بکرێ کە نابێ دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات.