کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە کوردستان و ئێران درێژەی هەیە

12:26 - 23 سەرماوەز 2722

خۆپیشاندانی خەڵکی ئازادیخواز لە کوردستان و ئێران دوای ماوەی سێ مانگ دژ بە ڕێژیمی جینایەتکاری ئێران بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان لە سەرتاسەری ئێراندا بەردەوامی هەیە.
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپیشاندان و مانگرتنی خوێندکاران، قوتابییان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە چەندین شاری ئێران و کوردستان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی ڕابردوو خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە کوردستان لە شاری جوانڕۆ بە هاتنە سەر شەقام سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی پێشنوێژی هەینی ئەو شارە دەستی پێ کرد.

هاووڵاتییان لە جوانڕۆ لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارەوە کۆ بوونەوە و دژی ڕێژیم دروشمیان دا.
لە شاری کامێران قوتابییان هاتنە سەر شەقام و دژی ڕێژیم دروشمیان دەوتەوە.

هەروەها شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە لە چەند گەڕەکی شاری تاران لەوانە چیتگەر، پوونەک، ئێکباتان، تێهرانپارس و چەند شوێنی دیکە خەڵک بە دروشمی وەک "مەرگ بۆ حکوومەتی منداڵکوژ، ئەمە دوایین پەیامه، ئامانج تەواویەتی ڕێژیمە و مەرگ بۆ خامنه‌یی" لە خۆپیشاندان بەردەوام بوون.
یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکی تاران لە دروشمەکانیان ئەوە بوو کە خەڵک بە گشتی دژی ڕێژیمی تاران بێنە سەر شەقام.

هەر ڕۆژی شەوی سێشەممە خۆپیشاندەران لە شەقامی پیروزیی تاران وێنەی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانیـ"یان خوێناوی کرد و وێنەی عەلی خامنەییان ئاگر تێبەردا.

لەشاری یاسووج خۆپیشاندەران بنکەیەکی بەسیجیان ئاگر تێبەر داوە و لە شوش و مەشهەدیش هێزەکانی ڕێژیم ڕێگەیان نەداوە چەلەی شەهیدانی ئەو شارانە بەڕێوە بچێت و هەروەها  فەرمانبەرانی سیمانی سپاهان دیزچە لە مانگرتن دابوونە.

هەر لەو پێوەندییەدا خوێندکاران لە شارەکانی تەورێز، مەشهەد، دامغان، تاران و چەندین شاری دیکە بە درووشم و مانگرتن لە خۆپیشاندان بەردەوام بوون.