ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ۲۲ی سەرماوەزی ۱٤۰۱ی هەتاوی، مامۆستا مەلا خالید وەڵزی کوڕی حاجی مەلا موحەممەد وەلزی ناسراو بە (مەلای گەورە) خەڵکی شارۆچکەی دزە سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا مەلاخالید جیا لەوەی کە کەسایەتییەکی دیاری ئایینی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەی ورمێ بوو، خاوەنی ڕابردووی خەباتی چەکداری وەک پێشمەرگەی کوردستان و دۆستێکی نیزیکی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی نەتەوایەتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو.
شایانی باسە کە مامۆستا مەلا خالید لە دەیەی شەستەکان چەندین جار چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕێبەری ناوداری کورد دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو هەبووە و نامە و نووسراوەکانی ئەو ڕێبەرە مەزنەی وەکوو یادگاری لە ئارشیوی خۆیدا پاراستبوو.
تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی گەوڕەی دزەی مەرگەوەڕ بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو پێوەندییەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی وەڵزی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.