کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە ئەندامیەتی کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەر کرا

09:40 - 24 سەرماوەز 2722

پاش بەڕێوەچوونی دانیشتنی شورای ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان وڵاتانی ئەندامی ئەو شورایە، بە ٢٩ دەنگی ئەرێنی، ڕێژیمی ئێرانیان لە ئەندامیەتی کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەر کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش بەڕێوەچونی دانیشتنی ٥٨ وڵاتی ئەندامی شورای ئابووری و کۆمەڵایەتیی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەسەندکردنی بڕیارنامەی پێشنیاری ئامریکا، بە ٢٩ دەنگی ئەرێنی و ٨ دەنگی نەرێنی ڕێژیمی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەر کرا.

لەو دانیشتنەدا کە لە نیویۆرک بەڕێوە چوو، نوێنەری وڵاتانی ئامریکا، ئوسترالیا، کانادا، ئیسرائیل، بریتانیا، نیوزیلەند، ئاڵبانی، پاناما چەندین وڵاتی دیکە پشتیوانییان لە ژنان و هاووڵاتییانی گەلانی ئێران کرد.

هەرلەم پێوەندییەدا جیمز کلۆرلی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا وتی: "بۆ ڕێژیمێک کە بە شێوەیەکی دڕندانە ژنان سەرکوت دەکا، جێگەی لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن نابێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە لیندا تووماس، نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان وتی: "ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی دڕندانە ڕووبەڕووی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران، ڕۆژنامەنووسان و بە تایبەتیی ژنان دەبێتە و دەرکردنی ڕێژیمی ئێران لەو کۆمیسیۆنە نیشانەی پشتیوانیکردنی ئێمەیە لە ژنانی ئێرانی".