کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕابێرت مالی: بژاردەی نیزامی لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران لە ئارادایە

16:58 - 10 سەرماوەز 2722

نوێنەری تایبەتیی ئامریکا لە کاروباری ئێران وتوویەتی، لە ئەگەری ئەوەیکە گەمارۆ و گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران چارەساز نەبن  بایدن وەک کۆتا ڕێگا لە خاڵی نیزامی کەڵک وەردەگرێت.

ڕۆژی چوار شەممە، ٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی،  ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتیی ئامریکا لە کاروباری ئێران هۆشداریی دا کە لە ئەگەری ئەوەیکە ئامریکا لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە سەرکوتوو نەبێت ڕێژیمی ئێران بۆ بەرجام بگەڕێنیتەوە، ئەو وڵاتە ناچارە لە بژاردەی نیزامی کەڵک وەربگرێت.

مالی ئیدعا دەکات بۆ ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕانەگات دەوڵەتی بایدن گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر تاران کە ساڵانێکی زۆرە ئەو ڕێژیمە گوشاری بەم شێوەیەی لەسەر نەبووە.

لەو  کاتەوە کە وتووێژەکانی بەرجام ڕاوەستاوە بە وتەی کارناسان هیوایەک بۆ ژیانەوەی بەرجام نەماوە و دەوڵەتی بایدن لەو ماوەیەدا چەند خولی نوێی گەمارۆی خستووەتە سەر ڕێژیمی ئێران.