کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەنگدانەوەی دەرکردنی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە میدیا جیهانییەکان

11:19 - 24 سەرماوەز 2722

دەرکردنی ڕێژیمی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، خێرا کاردانەوەی میدیایی نێونەتەوەیی لێکەوتەوە.

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: "چالاکانی مافی ژنان لە ئێراندا زیاتر لە ٤ دەیەیە کە بەربەرەکانێ لەگەڵ یاسا دژە مرۆییەکانی ئێران بە تایبەتی لە مافی ژناندا دەکەن و وەرگرتنی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر کە مافی خەڵک هیچ تەنانەت مافی ژن و منداڵیش پێشێل دەکا لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگە پێدارو نییە و نابێ ئەو ڕێژیمە ئەندامی ئەو کۆمیسیۆنە بێت".

هەر لەم پێوەندیەدا بڵاوکراوەی "پۆلێتیکۆ" بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاری ئەرێنی شۆرای ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ دەرکردنی ڕێژیمی ئێران لە ئەندامیەتی کۆمیسیۆنی پێگەی ژن، بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناوبرد و نووسی: "ئەوە دوایین هەوڵی وڵاتانی ڕۆژاواییە بۆ وڵام وەرگرتن لە ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و مەترسیدار کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لە باربردنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتەکەی دەدا".

پاشان هەواڵدەریی"سی‌ئێن‌ئێن" لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکا کە ڕێژیمی ئێران بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتداریی خۆی بەردەوام بووە لە پێشێلکردنی مافە کانی ژنان و بەردەوام ژنانی لە ئێران بە هاووڵاتیی دەرجە دوو زانیووە کە ئەم کارەی ئێران پێشێلکردنی هەموو یاساکانی مافی مرۆڤە".

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی بریتانیایی "گاردیەن" لەسەر دەرکردنی ڕێژیمی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن، ڕۆژی پێنجشەممە لە لاپەڕەی سەرکیی خۆیدا دەنووسێ: "بڕیاری دەرکردنی ڕێژیمی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی بوێرانە و دروستە و نابێ ڕێژیمێک کە بە هەموو شێوازێک مافی خەڵک بە تایبەتی ژنان لە ئێران پێشیل دەکا ئەندامی ئەو کۆمیسیۆنە بێت".