کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی لەسێدارەدانی کچە کوردێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە ئیلام

12:39 - 24 سەرماوەز 2722

سۆنیا شەیفی، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەو شارە دەسبەسەر کرابوو، حوکمی موحاربەی لەسەر دراوە و مەترسیی لە سێدارەدانی لەسەرە. 

سۆنیا شەریفی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری ئاودانان و قوتابی ساڵی دووهەمی دواناوەندی، پاش ئەوەیکە لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی ئاخوندی دەسبەسەر دەکرێت، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی سەرماوەز بە تۆمەتی موحاربە (شەڕ لەگەڵ خودا) لە دادگای ئینقلابی شاری ئیلام دادگایی دەکرێ و لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە ئەو تۆمەتەی بەسەردا دەسەپێت.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لێکۆڵەرە ئەمنییەکانی ڕێژیم سۆنیا شەریفییان ناچار کردووە دان بەوەدا بنێت کە کۆکتێل مۆلۆتۆفی دروست کردووە و لەسەر دیوارەکان دروشمی نووسیوە.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوو کەسی لە شارەکانی تاران و مەشهەد پاش دەسبەسەرکردنیان بە تۆمەتی موحاربە لەسێدارە داوە کە کاردانەوەی جیهانی لێ کەوتووەتەوە.