کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی ئاواییەکی کامێران

13:19 - 24 سەرماوەز 2722

بەکرێگیراوانی ڕێژیم، بە بیانووی جۆراوجۆر هەڵیانکوتاوەتە سەر قوتابخانەی ئاوایی تروەڕیزی سەر بە کامێران و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە نابێ دروشمی دژ بە ڕێژیم بڵێنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، کەسانێکی نەناسراو بە بیانووی جۆراوجۆر چوونەتەوە قوتابخانەی سەرەتایی ئاوایی تروەڕیزی کامێران و بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردووەتە سەر منداڵانی پۆلەکانی یەکەم و دووهەمی سەرەتایی و لەو هێرشە نامرۆڤانەدا چەند منداڵێک بەهۆی بەربوونەوە بریندار بوونە و منداڵانی دیکەش تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون.

هەروەها ئەو کەسانە هەڕەشەی کوشتنیان لە مامۆستاکان کردووە کە نابێ لەو قوتابخانەیە دروشمی دژ بە ڕێژیم بوترێتەوە.

شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن کە ئەو کەسانە سەر بە ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران بوونە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە نەبوون، بە بیانووی ئەوەیکە تاقیکاری بۆ خوێن، چوونەتەوە قوتابخانەکە و لە مامۆستاکانیان داوە و بە نێو منداڵانیشدا کەوتوون کە هەموویان تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردوون و بە مامۆستاکانیان ڕاگەیەندووە کە ئەگەر دروشم بدەن ئەوجار بۆ کوشتنتان دێینەوە.