کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی ژنە هونەرمەندێکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە

18:01 - 24 سەرماوەز 2722

ئیلهام مودەڕیسی، نیگارکیشی خەڵکی شاری سنە، ماوەی ٤٠ ڕۆژە لە شاری کەرەج دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیلهام مودڕێسی، تەمەن ٣٢ ساڵ و نیگارکێشی خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی شاری کەرەج کە ٤٠ ڕۆژ لەمەوپێش لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و پاشان بۆ بەندیخانەی کەچوویی لەو شارە گواستراوەتەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و دەستپێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی خۆی بێبەری کراوە، هەروەها تەندروستیی ئەو هاووڵاتییە لە مترسیدایە.

ئیلهام مودەڕیسی لەلایەن دەزگای دادی ڕێژیمی ئێرانەوە بە "تێکدان و خراوکاریی دامەزراوەکان"، "کێشە دروستکردن بۆ ڕای گشتی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی گشتی"، "هاندانی خەڵک بۆ کوشتن" و "پڕوپاگەندە بە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران" تۆمەتبار کراوە.