کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ لە دایکی دوو برای مەحکووم بە ئێعدامی ئەو شارە

17:31 - 24 سەرماوەز 2722

شەهلا پەیغامی، دایکی برایانی تەهازادە و مەحکووم بە ئێعدام، وێڕای بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری شنۆ هەڕەشەی لێ‌ کرا.

پاش بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی شەهلا پەیغامی، دایکی فەرزاد و فەرهاد تەهازادە لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی شنۆ و مەحکووم بە ئێعدام، کە بۆ ڕزگارکردنی کوڕەکانی داوای بە هاناچوونی کردبوو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شنۆ کرا.

فەرزاد و فەرهاد تەهازادە، تەمەن ٢٥ و ٢٦ ساڵی خەڵکی شاری شنۆ، لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە دەسبەسەر و حوکمی ئێعدامیان بۆ دەرکراوە.     

لە پێوەندی لەگەڵ حوکمی ئێعدامی فرزاد و فەرهاد تەهازادە "هاکان دێمیر" نوێنەری پارلمانی ئاڵمان لە شاری بێرلین، کەفالەتی سیاسیی ئەو دوو برایەی گرتووەتە ئەستۆ.