کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵ و پێگەی حیزبی دێموکرات لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران‌دا

00:08 - 25 سەرماوەز 2722

برایم جەهانگیری

 زۆر جاران لێرە و لەوێ دەبیسترێ کە حیزبی دێمۆکرات دوای تێرۆری سەرکردە ناودارەکانی وەک دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی زەبرێکی گەورەی وێ کەوتووە و کەلێنی ئەو دوو ڕێبەرە لەوحیزبەدا پڕ نەبۆتەوە.

 ئەو قسەیە لەبارەی سەرکردە و وەک کەسایەتی بەتایبەتی کەسایەتیی کاریزماتیک  و لێهاتوو ڕاستە و، کەلێنی بەتاڵی هەڵسووڕی و چالاکیی سیاسیی و دیپلۆماسیی دوکتور قاسملوو بەتایبەتی، کەموکورتییەک نییە کە هەستی پێ نەکرێ و، کەلێنێک نییە کە وا زوو پڕ بکرێتەوە. خۆ لە خۆڕا نەبوو ڕێژیم سەرەڕای ئەوەی سوور دەیزانی ڕەنگە تێرۆری دوکتور قاسملوو لەسەر مێزی وتووێژ تووشی هەزینەی زۆر گەورەی سیاسیی و دیپلۆماسیی بکا، بەڵام دیسان ئەو تێرۆرەی لەنێو دڵی ئورووپادا ئەنجام دا.

ئەوە ڕاستییەکە کە تا ئەم چرکەساتەش لەنێو حیزبی دێمۆکراتدا شوێنی ئەو سەرکردەیە وەک کەسایەتی پڕ نەبۆتەوە، دوکتور قاسملوو، سیاسەتزان، هەڵسوور و چالاکی کەم‌وێنەی دنیای دیپلۆماسیی سەردەم بوو. ئەو بە شاهیدیی مێژوو زۆر جار وەپێش ڕووداوەکان کەوتووە و بە تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی ورد بڕیاڕی یەکلاکەرەوەی لەباری سیاسییەوە لەمەر ڕووداوەکانەوە داوە. نموونەی هەرە زیندوو و دیار، ڕوخانی ڕێژیمی پاشایەتی بوو کە لە حاڵێکدا ئەوکات کەمتر کەس هەستی بەو ڕاستیە کردووە، دوکتور قاسملوو زۆر پێش ڕووخانی ڕێژیم ڕێبەریی حیزب  ئاگادار دەکا کە دەبێ خۆیان ئامادە بکەن و بچنەوە نێوخۆی کوردستان، چونکی حکوومەتی ئێران دەڕووخێت.

دوای دوکتور قاسملووی نەمر، ئەوە مودیرییەت و بەڕێوەبەریی دوکتور سادق شەڕەفکەندییە کە جێگای تێڕامانە. ئەو وەک سەرکردەیەکی حیزبی باوەڕی تەواوی بە چوارچێوە و پڕەنسیبە تەشکیلاتییەکانی حیزب هەبوو و بەڕێوەبەرێکی کەموێنە بوو لە حیزبدا. دیارە لە سەردەمی بەڕێوبەریی دوکتور قاسملووشدا، دوکتور سادق شەڕەفکەندی لەنێو حیزبدا ئەو دەورەی هەر دەگێڕا و، لە ڕاستیدا ئەو وەک وەزیری نێوخۆی حکوومەتێک کاروباری ناوخۆی ڕادەپەراند. بۆیە تێرۆری دوکتور سادق شەڕەفکەندیش پرۆژەی تێرۆری موتۆڕی هەڵسووڕێنەری حیزبی دێمۆکراتی بۆ ڕێژیم تەکمیلتر کرد.

ئیتر ئەوە بوو کە حیزب بە سەر بارودۆخێکی تەواو نالەبا دا کەوت و لە هەلومەرجێکی سەخت و دژواری گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا شانی وەبەر باری قورسی لەدەستدانی دوو ڕێبەر و سەرکردەی بلیمەتی کورد و حیزبی دێمۆکرات نا. لەو هەلومەرجە سەختەدا کە تا ئێستاش دەبینین گوشارەکان زیادیان کردووە و کەمیان نەکردووە، ئەو حیزبە توانیوتی لەسەر پێ بێ و سەنگ و قورسایی خۆی بپارێزێ و هەر ئەوەش نا، بەڵکوو لەنێو ڕووداو و پێشهات و هاوکێشەکانی ئێران و ناوچەدا حیسابی تایبەتیی بۆ بکرێ. بەڵام بۆچی ئەو حیسابە بۆ حیزب دەکرێ؟ خۆ کارەساتی لەدەستدانی دوو سەرکردەی لێهاتوو و بلیمەتی حیزب بە سەر هەر حیزبێکی دیکەدا هاتبا ڕەنگە ئەو حیزبە خۆی نەگرتباوە، خۆ لەبەرچاومانە حیزبی وا هەیە بە مێژوویەکی دەیان ساڵەوە بە نەمانی سەرکردەکەی ئاداری بەسەر پاداریەوە نەماوە. وەڵامەکە ڕوونە:

 حیزبی دێمۆکرات بەگشتی زۆر چاک سیاسەت لە دوکتور قاسملوو فێر بووە. ئەو حیزبە لە هەڵسەنگاندن و لە بڕیاردان و هەڵوێست‌گرتندا بەرامبەر بە هەر ڕووداوێک کە هاتبێتە پێش، هێندە ورد و دەقیق و بە دوور لە گوشاری ئەو و ئەم بڕیاڕی دروستی داوە و هەڵوێستی بەجێی نواندووە، کە ئەوی کردووەتە خاوەنی جێگەوپێگەیەکی ئەوتۆ کە لە سەرتاسەری ئێران و لە ناوچەشدا کەس نەتوانێ پەراوێزی بخات.

 لە ڕاپەڕینی ئێستای "ژینا"ش و لە ماوەی سێ مانگ خۆپیشاندان و ڕاپەڕیندا حیزبی دێموکرات بە هاوکاریی حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری خاوەنی باشترین و دروستتررین بڕیاڕ و هەڵوێست بوون، بە جۆرێک کە دەمارگرژترین کەس و لایەنە ئێرانییەکان لە بەرانبەر سیاسەتی دروستی حیزبی دێمۆکرات و بە گشتی حیزبەکانی دیکەی ناوەندی هاوکاریدا نەیانتوانی بێدەنگ بن و هەوڵی پەراوێزخستنی ئەو حیزبانەیان بۆ نەچووە سەر. هەروەها دانیان بەوە دانا کە ئەو هێزانە خاوەنی چ جێگەوپێگەیەک لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان و ئێراندان و دەتوانن چ کارتێکەرییەکیان لەسەر ڕووداوەکان هەبێت.

بەڵێ جێگا و کەلێنی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی وەک کەسایەتی بەوزووانە لەنێو حیزبی دێمۆکراتدا ڕەنگە پڕ نەبێتەوە، بەڵام لەباری سیاسییەوە ڕێبوارانی ئەو دوو کەسایەتییە دەگەڵ ئوسوول و پرەنسیپەکان و دەگەڵ خوارەپێچەی وردی سیاستدا وەها تێکەڵاو بوون و و لەگەڵ سەختی و دژوارییەکان وەها ڕاهاتوون و خاراون، کە باشترین هەڵوێستی سیاسییان لە دوای دوکتور قاسملوو لەمەڕ ڕووداو پێشهاتە گرینگەکاندا هەبووە؛ بە جۆرێ کە دوژمن هەرگیز نەیتوانی لەو بارەوە ئامانجەکانی وەدی بێ. حیزبی سیاسیی کاتێک بەرەو شکست و داڕمان دەڕوات کە لەمەر پرسە گرینگە سیاسیەکاندا توووشی هەڵە و هەڵدێر بێت، کە بە خۆشییەوە حیزبی دێموکرات تا ئیرە لەوبارەوە سەربڵیند و سەرکەوتوو هاتۆتە دەر. هەر بۆیەشە کە ڕێژیم بەردەوام بە مووشەک و درۆن پەلاماری بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبە دەدات و کردەوە تێرۆریستییەکانی لەدژی ئەم حیزبە ناوەستێنیت.