کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی کۆمەڵگەی جیهانی لە ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی گەلانی ئێران

11:00 - 25 سەرماوەز 2722

کاردانەوەی کۆمەڵگەی جیهانی لەهەمبەر سەرکوت و لەسێداەردانی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران درێژەی هەیە و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان" کەفالەتی" سیاسی ئەو بەندکراوانەی کە مەترسی سێدارەەیان لەسەرە وەئەستۆ دەگرن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کانادا، ئوستراڵیا و نیووزیلەند، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی لە مەترسیی لەسێدارەدانی دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ئەو ڕێژیمەوە، داوایان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە بە زووترین کات هەموو یاساکانی لەسێدارەدان هەڵبوەشێننەوە و کۆتایی بەو کردەوە نامرۆڤانە بێنن.

لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە، لەسێدارەدانی خەڵکی ناڕازی لە ئێران بەپێی حوکمی دادگای ئەو وڵاتە مەترسیدار و جێگەی سەرسووڕمانە بۆ کۆمەڵگەی جیهانی.

وەزیرانی دەروەی وڵاتانی" کانادا، ئوسترالیا و نیووزیلەند"هەروەها جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕق و بێزاریی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران دەبێ کۆتایی پێ‌بهێندرێ و ڕێژیمی ئێران دەبێ گەرەنتیی ماف و ئازادییە تاکە کەسییەکانی گەلانی ئێران بکا.