کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای ئاڵبانی هاووڵاتییەکی ئێرانی بە تاوانی پشتیوانی لە تێرۆریزم بە دە ساڵ زیندان مەحکووم کرد

11:10 - 25 سەرماوەز 2722

دادگای وڵاتی ئاڵبانی "بیژەن پوولادڕەگ" هاووڵاتییەکی خەڵکی ئێرانی، بە تاوانی پشتیوانی لە تێرۆریزم بە دە ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی دادگای تایبەتی پێڕاگەیشتن بە گەندەڵی و تاوانەکان لە وڵاتی ئاڵبانی "بیژەن پوولادڕەگ" هاووڵاتیی خەڵکی ئێرانی بە تاوانی "ئەندامبوون لە گرووپە تێرۆریستییەکان و دابینکردنی ئەو گرووپانە لە بواری ماڵی" بە دە ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

ئەو حوكمە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی سەرماوز بەفەرمی بەو تاوانبارە ڕاگەیەندراوە.

"پولادڕەگ" یەک ساڵ بەر لەوەیکە دەسبەسەر بکرێت ئەندامی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق لە ڕێکخراوە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران بووە و سیخوڕیی ئەو ڕێکخراوەیەی بۆ ڕێژیمی ئێران کردووە.  
ڕێکخراوی موجاهیدنی خەڵق وتوویەتی "بیژەن پوولادڕەگـ"ـیان لەگەڵ چەند کەسی دیکە کە سەر بە ڕێژیمی ئێران بوونە ساڵی ١٣٩٨ لەو ڕێکخراوەیە دەر کردووە.
تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران دژی حیزبە دژبەرەکانی درێژەی هەیە و هەتا ئێستا دەیان دەژبەری ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی جۆراجۆر تێرۆر کراون.