یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەن چەشنەیە:
هاوڕێیانی گیانفیدا، قارەمانانی سەنگەری چیا و شەقام، ڕۆڵەکانی دێموکرات
بەبۆنەی ئەم ڕۆژە پڕشکۆ و سەربەرزییەتان، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز کە وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دیاری کراوە، یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران پیرۆزباییتان لێ دەکات و بەڵێن و پەیمان لەگەڵ ئێوە نوێ دەکەینەوە یەکیەتییەکەمان پاڵپشتی هەمیشەیی پێشمەرگەی خاک و وڵات بێت.
هەر گەل و نەتەوەیەک سپایەکی پارێزەری وڵات و نیشتمانی خۆیان هەیە ئێوەش سپای بەرگری لە خاک و نیشتمانی کوردن، هیوادارین هەمیشە وەک هەڵۆ بەرزەفڕەکان چاودێری بست بە بستی ئەم نیشتمانە جوانەی کوردستان بن.
پێشمەرگە بەرزترین وشەیە، کە ڕۆڵەی کورد شانازی بە پۆشینی ئەم بەرگ و ناوە دەکات، مرۆڤە دڵسۆزەکان و ڕووناکبیرەکانن دەبن بە پێشمەرگە، ئێوە چرای ڕێگای ڕزگاریدەری نیشتمانن.
جارێکی تر ئەم ڕۆژەتان لێ پیرۆزبایی دەکەین و هیوادارین بە ئامانجەکانی ڕێبازی دێموکرات بگەن.
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پێشمەرگەی خاک و وڵات.
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی