کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی ئاڵمان: دەبێ زووتر پێش بە ڕێژیمی تێرۆر بگرین

17:04 - 25 سەرماوەز 2722

یەکێک لە پارلمانتارانی ئاڵمان، لە پارلمانی ئەو وڵاتە سەرەڕای پشتیوانیکردن لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەڵێ: دەبێ بە خێراترین کات پێش بە ڕێژیمی تێرۆری ئێران بگیردرێ.

دەریا تورک، پارلمانتاری پارلمانی ئاڵمان، سەرەڕای ئاماژە بە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و هەروەها لەسێدارەدانی دەسبەسەرکراوانی ئەو ڕاپەڕینە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەڵێ: موحسێن شکاری و مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد هەردووکیان تەمەنیان ٢٣ ساڵ بوو کە موحسێن پێنجشەممە لە تاران و ڕەزا دووشەممە لە مەشهەد لە سێدارە دراون و ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران تۆمەتی ئەوەیان خستۆتە پاڵ کە ناوبراوان شەڕیان لەگەڵ خودا کردووە.

هەروەها ڕێژیمی ئێران ئەو تۆمەتەی خستووەتە پاڵ ٣٨ خەڵکی ڕاپەڕیوی دیکەی گەلانی ئێران کە دەسبەسەرکراون و لەلایەن دەزگایی قەزایی ئەو وڵاتەوە بە تۆمەتی" موحاربە" واتە شەڕ لەگەڵ خودا دەیانهەوێت لە سێدارەیان بدەن و ئەگەر بە خێراترین کات پێش لەو ڕێژیمە تێرۆریستە نەگیردرێ ئەو بەمزووانە دوو برای کورد بەناوەکانی" فەرها و فەرزاد تەهازادە" لە سێدارە دەدا.

ناوبراو هەروەها وتیشی: ئەگەر پێش بەو ڕێژیمە نەگیردرێ دەبێ چەند کەسی دیکە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست بدەن و بێسەروشوێن بکرێن، من نازانم تا چ کاتێک دەبێ دایک و بابی دەسبەسەرکراوانی ئەو ڕاپەڕینەی گەلانی ئێران خەمبار بن و چاو لە تەرمی بێ گیانی منداڵەکانیان بکەن.

ئەو پارلمانتارە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە ماوەی ٩٠ ڕۆژ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیم زیاتر لە ١٨هەزار کەس لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و زیاتر لە ٤٦٠ کەس شەهیدبوون کە لە نێوانیاندا ژنان و منداڵان بەرچاون و گەلانی ناڕازیی ئێران بە ئێمە دەسەلمێنن کە ئەوەی بەلای ئەوانەوە زۆر گرینگە ئازادییە.