کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک لە بەلووچستان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕژانە سەر شەقامەکان

17:19 - 25 سەرماوەز 2722

لە درێژەی شۆڕشی ژینا و خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە ئێراندا خەڵكی ئازادیخوازی بەلووچستان ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەز خەڵکی ئازادیخوازی بەلووچستان دوای نوێژی هەینی بۆ درێژەدان بە خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتی بە ئێعدامی لاوانی شۆڕشگێڕ و پشتیوانی لە مەولانا عەبدولغەفار نەقشبەندی خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

لە دۆزاپ خەڵكی تێکۆشەر بە دروشمی میللەت ئازادی دەوێ وڵات ئاوەدانی دەوێ دەیکوژم، دەیکوژم ئەوەی براکەمی کوشت، بەسیجی، سپایی داعشی ئێمە تۆی، مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ سپایی هاتنە سەر شەقامەکان. 

ئازادیخوازانی بەلووچ لە دۆزاپ لە خۆپیشاندانەکانیان ڕایانگەیاندووە بەلووچستان جێگایەکە کە بە بوومەلەرزەی ٨/٧ ڕیشتێر نەلەرزی ئێستا ئێوە بە تانک و تۆپ وەرن.

لە چابەهار خەڵک بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی دیکەی بەلووچستان دوای نوێژی هەینی ڕژانە سەر شەقامەکان.

منداڵانی بەلووچ بە دروشم ڕایانگەیاندووە دەردێک کە ئەمڕۆ هەستی پێ دەکەی هەمان هێزە کە سبەی هەستی پێ دەکەی و نا بۆ تێرۆر و ئێعدام.

لە خۆپیشاندانەکانی بەلووچستان ژنانیش شان بە شانی پیاوەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان داوە هەر کەسێک بکوژرێت شەش هەزار کەس لە پشتیەتی.

ژنانی شۆڕشگێڕ بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ئێعدامی لاوانی شۆڕشگێڕ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سەمبولیک تەنافیان خستووەتە گەردنیان.

لە خۆپیشاندانەکاندا خەڵک دروشمیان داوە کە حکوومەتی خامنەیی حکوومەتێکی باتڵە و دەبێ بڕووخێت.